Skip to the content

وەزارەتی کشتوکاڵ چەند بڕیارێکی گرنگ پەسند دەکات

ڕۆژی سێشەممە، ٢٣ی ئایاری ٢٠٢٣، بە سەرپەرشتی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ئەنجومەنی وەزارەت کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دا.

لە کۆبونەوەکەدا، چەند تەوەر و بابەتێک گفتوگۆیان لەبارەیەوە کرا، کە لەسەر ئاستی سەرجەم فەرمانگە کشتوکاڵییەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بە مەبەستی چارەسەر و بەدواداچوونی کێشە و داواکارییەکانی جووتیاران و خاوەن پڕۆژەکان و فەرمانبەرانی وەزارەت ئاراستەی ئەنجومەنی ڕاوێژکاری وەزارەت کرا بوون.
یەکێک لەو بابەتانە بریتی بوولە قسەکردن لەسەر پڕۆسەی وەرگرتنەوە و بەبازاڕکردنی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران لە چوارچێوەی پلانی تەسویقی وەزارەتی بازرگانی عێراق .

بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە قسەکردن لەسەر داواکاریی خاوەنی کێڵگە پەلەوەری و سەربڕخانەکان، کە ئەنجومەن پاڵپشتی داواکارییەکانیانی کرد، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانیان و بە بازاڕکردنی بەرهەمەکانی گۆشتی مریشک و هێلکە.
تاوتوێکردنی دۆخی ئاو و ستراتیژیەتی بەرێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاوی بەنداو و پۆندەکان و پڕۆژەکانی ئاودێری و بیرەکان، بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆرانکاری کەش و هەوا و دیاردەی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی، یەکێکی دیکە بوولە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە.

هەر لە کۆبوونەوەدا کاراکردنی ڕۆژمێری کشتوکاڵی پێشنیارکراوی وەزارەت و پەسندکراو لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ پارێزگاری لە بەرهەمی خۆماڵی لە وەرزی پێگەیشتن، ئەویش بەقەدەغەکردن و دانانی باج و رەسم لەسەر بەرهەمی سەوزە و میوە و سامانی ئاژەڵی و پەلەوەری هاوردەکراو لە دەرەوەی هەرێمی کوردستا، گفتوگۆی لەبارەوە کرا.

هەروەها باس لە هەوڵەکانی وەزارەت کرا بۆ بابەتی بەبازاڕکردن و بە پیشەسازی کردنی بەرهەمە خۆماڵییەکان و بەبڕاندکردن وهەناردەکردنیان بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا و وڵاتانی کەنداو بە میکانیزمێکی پێشکەوتوو .

هەر لە کۆبوونەوەکدا بابەتی ڕووبەڕووبونەوەی پەتای خوێنبەربوون و ئەنجامدانی هەڵمەتی نیشتمانی بۆ ڕشاندنی کێلگەکانی ئاژەڵ و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری خۆپارێزی بۆ خاوەن ئاژەڵ و هاووڵاتیان لەکاتی بەکارهێنان و چاککردنی گۆشتی سور باسیان لێوەکرا.
ئەمانە و چەندین بڕیار و ڕاسپاردەی تر پەسندکران و لێژنە پەیوەندیدارەکانی ناو ئەنجومەنی ڕاوێژکاری وەزارەت ڕاسپێردران، کە کارئاسانی بکەن لە پێناو کەمکردنەوەی ڕۆتین و جێبەجێکردنی مامەڵەکانی هاووڵاتییان و جووتیاران و خاوەن پڕۆژەکان و وەبەرهێنەران بەگشتی.