Skip to the content

لەم کابینەیەى حکومەت ڕێگای کەلار ـ سلێمانی تەواو دەکرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) ـ پڕۆژەی ڕێگای کەلار ـ سلێمانی کە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان و لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن جێبەجێ دەکرێت، لەم دوو ساڵەدا ، بڕی٥٥ ملیار و ٤١٩ ملیۆن و ٨٤٢ هەزار دیناری بۆ خەرج کراوە و تا ئێستا بە ڕێژەی ٥٣%ى پڕۆژەکە کۆتایی پێ هاتووە.

لە کابینەی پێشوو بڕی شەش ملیار و ٩٣٤ ملیۆن و ٢٦٠ هەزار دینار بۆ دروستکردنى پڕۆژەی ڕێگای کەلار ـ سلێمانی دیارى کرا، ئێستاش دواى چەندین جار سەردانی مەیدانیى پڕۆژەکە و پرۆژەکانی دیکەى وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لە سنوورەکە و چاودێرى چۆنێتی و خێرایی بەڕێوەچوونیان و دابینکردنى بودجەى پێویست کار لەسەر کۆتاییهێنانیان دەکرێت تا زووتر بچنە خزمەت هاووڵاتیان و سەبارەت بە داوای زیاتر لە ٧٠ ملیار دینار بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە، وەزیرى ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن دڵنیایی داوەتە بەڵێندەرەکە کە بەم نزیکانە تەرخانکراوی ساڵانە بۆ پڕۆژەکە دەستنیشان دەکرێت.