Skip to the content

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە هەنگاو بۆ بەئەلیکترۆنی کردنی کاروبارەکانی دەنێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لەسەر راسپاردەی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، وەزارەت هەنگاو بۆ بەئەلیکترۆنی کردنی کاروبارەکانی دەنێت و لەسیمینارێکدا ئامادەکارییەکان و دیزاینی پڕۆژەکە خرایەڕوو.

رۆژی سێشەممە سیمینیارێک بۆ هەڵسەنگاندنی سیستەمی ئۆنلاینی بەڕێوەبردنی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی هەولێر بەئامادەبونی بریکارانی وەزارەت و بەڕێوەبەرە گشتییەکان و ژمارەیەک لە فەرمانبەران و بەرپرسی بەشەکانی وەزارەت بەڕێوەچوو، کە تیایدا دیزاینی سیستەمێکی ئەلیکترۆنی و بایەخ و گرنگی پڕۆژەکە خرایەڕوو.

ئەوەش دوای ئەوە هات لە کۆبونەوەی پێشوتری ئەنجومەنی راوێژکاری وەزارەتدا، ئارێز محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەکنیک لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن راسپێردرا بۆ سەرپەرشتیکردنی ئەو پرۆسەیە، کە دوای زنجیرەیەک کۆبونەوە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی و بەشەکانی سەر بە وەزارەت، لەلایەن جەمال عومەر، لێپرسراوی هۆبەی ئای تی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی سلێمانی بەشێوەیەکی خۆبەخشانەو بەپاڵپشتی و هاوکاری بەڕێوەبەری گشتی تەکنیک سیستەمەکەی ئامادەکرد.

لە سیمینارەکەدا، جەمال عومەر، تیشکی خستەسەر گرنگی و بایەخی پڕۆژەکە بۆ کارئاسانی و بەرەوپێشچونی زیاتری کاروبارەکانی وەزارەت، هەروەها تۆمارکردنی داتاو زانیاریی ورد لەبارەی پڕۆژەکان و دابینکردنی سیستەمێکی ئەلیکترۆنی گونجاو بۆ کاروبارە ئیدارییەکانی وەزارەت و ئاگاداربون لە کارو پڕۆژەکان. دواتر بە سەرنج و بەشداری ئامادەبوان پڕۆژەکە زیاتر دەوڵەمەند کرا.

ئەوەی جێی بایەخە، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بەردەوام گرنگی بە وزەو توانا ناوخۆییەکان داوەو لەم پڕۆژەیەشدا بەهەمان شێوە لەلایەن ستافی وەزارەتەوە ئامادەکراوە.