Skip to the content

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە بەردەڕەش ئەنجامدەدات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق(GOV.KRD)- ئەمرۆ چوارشەممە 27/1/2021دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لە سەردانێکیدا بەیاوەری بریکار و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەری گشتی و راوێژکارانی وەزارەت، قەزای بەردەڕەشی بەسەرکردەوەو لەلایەن قائیمقام و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی سنورەکەوە پێشوازی لێکرا.

لەدیدارێکدا لە قائیمقامیەتی بەردەڕەش، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن وێڕای خۆشحاڵی خۆی بەسەردان و بەسەرکردنەوەی سنورەکە، جەختی کردەوە، کە سنورەکە ھاوشێوەی تەواوی ناوچەکانی دیکەی کوردستان پێویستی بەخزمەتی زیاترەو ھاتوین لە نزیکەوە گوێ لە داواکاری و پێداویستییەکانی خەڵکی ناوچەکە بگرین و ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆیان جێبەجێ بکەین.

ئاماژەی بەوەشکرد، پەیامی حکومەتی ھەرێم و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە خزمەتکردنی ھاوڵاتیانە بەبێ جیاوازی و بەڵێنیدا بۆ جێبەجێکردنی ئەو داواکارییانەی کە بۆ ھاوڵاتیان گرنگ و پێویستن.

لای خۆشیەوە قائیمقامیەتی قەزای بەردەڕەش سوپاسی سەردانی وەزیری ئاوەدانکردنەوەو وەفدی یاوەری کردو ئاماژەی بەوەکرد، سنورەکە پێویستی بە خزمەتکردنی زیاترە لە ڕوی ئاوەدانی و پڕۆژەی خزمەتگوزارییەوە، ھاوکات ژمارەیەک پڕۆژەی گرنگی سنورەکەی خستەڕو بەتایبەت لەبواری رێگاوبان.

دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیشدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن رایگەیاند؛ ئەمڕۆ لەگەڵ تیمیێکی گەورەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لێرەین بۆ گوێگرتن لە داواکاری و پێداویستییەکانی سنورەکەو قائیمقام چەندین پڕۆژەی خستبوە بەردەم تیمی وەزارەت، بۆ ئەوەی بتوانین ئەولەویەتی ئەو پڕۆژانە دیاری بکەین کە گرنگن بۆ قەزاکە.

وتیشی: توانیمان ھەڵسەنگاندنێک بکەین بۆ ئەو پڕۆژانەی پێویستە لەمساڵدا بۆ قەزای بەردەڕەش ئەنجامبدرێن، کە ژمارەیەک پڕۆژەی گرنگن و کۆی تێچوی ھەمویان نزیکەی ١٦ ملیار دینار دەبێت، ھەمو ھەوڵێکیش دەدەین لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران بۆ ئەوەی ئەو بڕە پارەیە تەرخانبکەین و خزمەتی بەردەڕەش بکەین کە شایستەی ئەوەن باشترین خزمەت بکرێن.