Skip to the content

به‌ گوژمەی زیاتر لە ٣٤٠ ملیۆن دینار، پرۆژه‌ی قیڕتاوكردنی ڕێگای بانی بنۆک لە ھەڵەبجە ته‌واو کرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی سلێمانی و بەڕێوەبەری چاککردن و پاراستنی رێگاوبانی سلێمانی، پڕۆژەی قیڕتاوکردنی ڕێگای بانی بنۆک لە بناری سوورێن سەر بە پارێزگای ھەڵەبجە تەواو کرا.
پڕۆژەکە لەچوارچێوەی کارە خزمەتگوزارییەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنە لەسەرتاسەری ھەرێمی کوردستان، کە بریتییە لە ڕێگایەک بە درێژی چوار کیلۆمەتر و سێ سەد مەتر و نزیکەی ١٢ لۆفەی تێدایە، گوژمەی پڕۆژەکەش زیاتر لە ٣٤٠ملیۆن دینارە.
جێی ئاماژه‌یه‌ لە دوا سەردانیدا بۆ سنووری پارێزگای هەڵەبجە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، بەشێوەیەکی مەیدانی پڕۆژەکانی وەزارەتەکەی لە سنوورەکە بەسەرکردەوە، کە خۆی لە (10)پڕۆژەی جیاواز دەبینیەوەو بڕی زیاتر لە ملیارێک دیناری بۆ تەرخانکرابوو. یەکێک لەو پڕۆژانەش دروستکردن و قیڕتاوکردنی ڕێگای بانی بنۆک بوو.