Skip to the content

پەیامێک بەبۆنەی یادی کیمیابارانی ھەڵەبجەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێ شەممە 2021/3/16 ٣٣ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر مەرگەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجەدا، ئەمڕۆ یادی مەرگەساتی ئەو ئازیزانەیە کە بونە قوربانی دەستی رژێمی بەعسی دیکتاتۆر و لە ماوەی چەند چرکەیەکدا زیاتر لە پێنج ھەزار کەس لە منداڵ و ژن و گەنج و پیر جینۆساید کران.

لەم بۆنە خەمناکەدا سەری رێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی شەھیدانی کیمیابارانی ھەڵەبجەو سەرجەم شەھیدانی کوردستان دائەنەوێنین، ھیوای ھەرچی زوو چاکبونەوەو شیفاش بۆ بریندارانی ئەو مەرگەساتە دەخوازین.

کیمیابارانی ھەڵەبجە لەگەڵ ئەوەی برینێکی قوڵ و زامێکی لەبیرنەکراوەو یەکێکە لە دڕەندەترین ئەو تاوانانەی لە مێژودا دژ بە مرۆڤایەتی کراوە. ھاوکات سیمبولی خۆڕاگری و مانەوەی گەلی کوردە دژ بە چەوساندنەوەو زوڵم و ستەمی داگیرکەران.

لەم بۆنەیەدا جەخت لەسەر ھەوڵەکانمان دەکەینەوە کە بەوپەڕی تواناوە خزمەتی زیاتری ھاوڵاتیانی پارێزگای ھەڵەبجەو تێکڕای شار و شارۆچکەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان بکەین، لەو چوارچێوەیەشدا لەماوەی کەمتر لە دوو ساڵی ئەم کابینەیەدا وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ژمارەیەک پڕۆژەی لە سنوری پارێزگای ھەڵەبجە ئەنجامداوەو ژمارەیەک پڕۆژەش کارکردن تیایاندا بەردەوامە، لە کۆتایی ساڵی رابردوش بڕی زیاتر لە ملیارێک دینار بۆ (10)پڕۆژە لە بواری رێگاوبان لە سنورەکە تەرخانکرا. هەموو هەوڵێکیش دەدەین لەمساڵدا چەند پرۆژەیەکی ستراتیژی و گرنگ بۆ پارێزگای هەڵەبجە لەوانە پرد و ڕێگای توەقوت و پردی سازان بخەینە بواری جێبەجێکردن لەگەڵ چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری تر.

 

دانا عەبدولکەریم حەمەصالح

وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن