Skip to the content

وەزیری ئاوەدانکردنەوە گرێبەستی (کەڵکی ئابوری)ی پڕۆژەی هێڵی ئاسن لەھەرێمی کوردستان واژۆ دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن گرێبەستی (کەڵکی ئابوری) پڕۆژەی هێڵی ئاسن لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئیسپانی واژۆدەکات و رایدەگەیەنێت؛ هیوادارین ئەمە سەرەتایەکی باش بێت بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەکە.

رۆژی پێنجشەممە ٣١-٣-٢٠٢٢ لە رێورەسمێکدا لەدیوانی وەزارەت، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن واژۆی لەسەر گرێبەستی (کەڵکی ئابوری- جدوی الاقتصادی) پڕۆژەی هێڵی ئاسن لەهەرێمی کوردستان کرد، کە لەلایەن کۆمپانیای (کۆنسوڵ ترانس)ی ئیسپانی ئەنجامدەدرێت.

لەوتەیەکیشدا دوای واژۆکردنی گرێبەستەکە، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن رایگەیاند، ئەمڕۆ بەخۆشحاڵییەوە گرێبەستی (کەڵکی ئابوری)ی پڕۆژەی هێڵی ئاسنمان لەگەڵ کۆمپانیای (کۆنسوڵ ترانس)ی ئیسپانی واژۆکرد، هیوادارین ئەمە سەرەتایەکی باش بێت بۆ ئەوەی ئەم پڕۆژەیە لە هەرێمی کوردستان دەستپێبکەین.

لای خۆشیەوە، ئاگرین عەبدوڵا، بریکاری وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بۆ رێگاوبان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ھەنگاوێکی تری نا بەمەبەستی ئەنجامدانی پڕۆژەی ھێڵی ئاسن لەھەرێمی کوردستان و وتی:«ئەم کۆمپانیا ئیسپانییە شارەزایە لە ئەنجامدانی توێژینەوەی کەڵکی ئابوری و ئەم گرێبەستەش بۆ ئەوەیە تاوەکو بزانرێت ئەم پڕۆژەیە چ کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر ئابوری ھەرێمی کوردستان و لەڕوی ژینگەیی و بوارەکانی دیکەوە ھەیەو کۆمەڵێک راپۆرت ئامادە دەکەن».

لەرێورەسمەکەدا خولیان گارسیا ڤالڤێرد، سەرۆکی کۆمپانیای (کۆنسوڵ ترانس)ی ئیسپانی و بریکارانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن و بەڕێوەبەری گشتی دیوان و بەڕێوەبەری گشتی تەکنیک و ژمارەیەک لە راوێژکارانی وەزارەت ئامادە بون.

هاوکات رۆژی ١٠ی شوباتی رابردو، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لێکتێگەیشتنی لەگەڵ کۆمپانیای (دۆچەبان)ی ئەڵمانی واژۆکرد، بەمەبەستی ئەنجامدانی پڕۆژەی هێڵی ئاسن لەهەرێمی کوردستان.