Skip to the content

پڕۆژەی دروستکردن و قیرتاوکردنی رێگای وارماوا- ناوتاق - دەربەندیخان جێبەجێ دەکرێت

لە بەردەوامی گەیاندنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ تەواوی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، پڕۆژەی رێگای وارماوا – ناوتاق - دەربەندیخان، بەگوژمەی زیاتر لە ٧ ملیار دینار جێبەجێ دەکات.

پرۆژەکە ئەمڕۆ یەکشەممە ١٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، لەلایەن دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنەوە، بەردی بناغەی بۆ دانرا.

پڕۆژەکە یەکێکە لەو سێ داواکارییەی ھاووڵاتیان و ئیدارەی سنورەکە، کە وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بەڵێنی دابوو جێبەجێی بکات و خۆی لە دروستکردن و قیرتاوکردنی رێگای وارماوا – ناوتاق – دەربەندیخان بە درێژایی ٢٢ کیلۆمەتر و لەسەر بودجەی وەبەرھێنانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بەگوژمەی ٧ ملیار و٤٠٤ ملیۆن و ٢٥٠ هەزار دینار جێبەجێ دەکرێت.

ئەنجامدانی ئەو پرۆژەیە دوای تەواوکردنی نۆژەنکردنەوەی تونێلی دەربەندیخان بوو و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا پرۆژەیەکی دیکە لە ناوچەکە کە خۆی لە قیرتاوکردنی رێگای دوڕیانی ژاڵەناو لە دەربەندیخان دبینێتەوە دەست بە جێبەجێ کردنی دەکرێت.

ئەم پڕۆژەیە، جگە لەوەی کاریگەری لەسەر کارئاسانی ھاتووچۆ و دابینکردنی رێگایەکی سەلامەت بۆ ھاووڵاتیان و کەمبونەوەی رووداوەکانی ھاتووچۆ لە سنورەکە دەبێت، ھاوکات لەڕووی گەشتیاریی و ئابوورییەوە رۆڵی ئەرێنی دەبێت بۆ ناوچەکە.