Skip to the content

میکانیزم و ڕێوشوێنی پێویست بۆ تەواوکردن و دابەشکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون دەگیرێتەبەر

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی حوزه‌یرانی ٢٠٢٢ دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، لە دیوانی وەزارەت سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی کرد تایبەت بەو پڕۆژانەی یەکەی نیشتەجێبوون کە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن جێبەجێ دەکرێن.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە بەڕێوەبەری گشتی دیوان و بەڕێوەبەری گشتی تەکنیک و بەڕێوەبەری گشتی پارێزگاکان و جێگرەکانیان و بەڕێوەبەری ئاوەدانکردنەوەی شارەکان و ژمارەیەک لەبەرپرسانی دیکەی وەزارەت ئامادەی بوون، گفتوگۆ کرا سەبارەت بە دانانی پلان و میکانیزم بۆ تەواوکردن و دابەشكردنی ئەو (٩)هەزار و چوار یەکەی نیشتەجێبوون کە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنەوە جێبەجێ دەکرێن، کە بەشێکیان تەنها لایەنی خزمەتگوزاری ماوە و لەقۆناغەکانی کۆتاییدان.
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە کۆبوونەوەکەدا تیشکی خستەسەر کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ سەرۆکی حکومەت تایبەت بە تەواوکردنی یەکەکانی نیشتەجێبوون و ڕایگەیاند خۆشبەختانە سەرۆکی حکومەت بەدەم داواکارییەکانمانەوە هات و چارەسەری گونجاو بۆ تەواوکردنی ئەو (٩)هەزار و چوار یەکەیەی نیشتەجێبوون پەسەند کرا.
ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیاردراوە سندووقی نیشتەجێکردن کارا بکرێتەوە، کە هەنگاوی یەکەمە بۆ تەواوکردنی یەکەکان و ئێمەش هەمو هەوڵەکانمان بۆ ئەوە دەبێت کە بەزووترین کات ڕێوشوێنی پێویست بگرینەبەر و ئەو یەکانەی نیشتەجێبوون تەواو بکەین، هەروەک جەختی کردەوە؛ ئامانجمان تەواوکردنی یەکەکان و دابەشکردنیەتی بەسەر کەسانی شایستەدا.
هه‌روه‌ها ڕێنمایی و بڕیاری پێویست درا، سەبارەت بە چۆنیه‌تی دەستبەکاربوونەوەی پڕۆژەکانی نیشتەجێببوون و تەواوکردنیان، لەگەڵ دانانی میکانیزمێک بۆ دابەشکردنی یەکەکان.