Skip to the content

٥٨٪ی پردی دەربەندی ڕانیە تەواو بووە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- رۆژی دووشەممە، ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، پڕۆژەی درووستکردنی پردی دەربەندی رانیەی بەسەرکردەوە و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "پڕۆژەکە بە شێوەیەکی باش دەستیپێکردووەتەوە و ئێستا لە قۆناغی دانانی گێردەرەکانی پردەکەدایە و رێژەی تەواوبوونیشی گەیشتووەتە ٥٨٪‏، ھیوادارین لە مانگی ئایاری داھاتوو وتەواو بکرێت و بچێتە خزمەتی ھاووڵاتیانەوە."

وەک مژدەیەکیش بۆ دانیشتوانی سنوورەکە، وەزیری ئاوەدانکردنەوە گوتی، "پلانێکمان داناوە کە لەسەر قەرزی بانکی نێودەوڵەتی، لە ساڵی داھاتوو، ڕێگای دووسایدی دەربەند-ژاراوە بخەینە بواری جێبەجێکردنەوە"

وەزیری ئاوەدانکردنەوە، ئاماژەی بە پڕۆژەی رێگای دوکان-چوارقوڕنەش کرد و ڕایگەیاند، "کارکردن لە پڕۆژەکە بەھۆی گرفتێکی ھونەرییەوە وەستابوو، ئەو گرفتە لە نێوان ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە چارەسەرکراوە و وەک وەزارەت ھەموو رێکارە پێویستەکان بۆ دەستپێکردنەوەی پڕۆژەکە تەواو کراوە، بۆ ئەوەی بەڵێندەر دەستبەکاربێت."

پردی نوێی دەربەندی ڕانیە، پڕۆژەیەکی ستراتیژیی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنە لە سنووری ئیدارەی ڕاپەڕین، بودجەی پڕۆژەکە ١٢ ملیار و ٥٨٠ ملیۆن دینارە. لە ئێستادا پڕۆژەکە لە ٥٨٪ی جێبەجێکراوە.