Skip to the content

چەند پڕۆژەیەکی ڕێگاوبان لەسەر قەرزی بانکی نێودەوڵەتی جێبەجێ دەکرێن

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- رۆژی سێشەممە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە ونیشتەجێکردن، لە دیوانی وەزارەت، پێشوازی لە وەفدێکی بانکی نؽودەوڵەتی کرد.

لەکۆبوونەوەیەکدا کە هەریەک لە ئاگرین عەبدولڵا، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری ڕێگاوبان و ژمارەیەک لە راوێژکاران و بەرێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەت و ئەندازیارانی وەزارەت ئامادەی بوون، گفتوگۆ دەربارەی چەند پرۆژەیەکی ڕێگاوبان کرا، کە بڕیار وایە لەسەر قەرزی بانکی نێودەوڵەتی لە ھەرێمی کوردستان جێبەجێبکرێن.

لە ئێستادا پڕۆژەکان لە قۆناغی پێشنیارکردن و توێژینەوەی ژینگەیی و کۆمەڵایەتی و نەخشەسازی ئەندازیاری و ئامادەکاریدایە، بۆ ئەوەی دواتر بڕیاری لەسەر بدرێت و جێبەجێبکرێن.

شایانی باسە، لە مانگی ئابی ڕابردوودا، لە کۆبوونەوەیەکی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لەگەڵ نوێنەرانی بانکی نێودەوڵەتی، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئامادەیی بۆ هاوکاری و جێبەجێکردنی داواکاریی بانکی نێودەوڵەتی بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەکان بە ئامانجی خزمەتکردنی ھاووڵاتیان پیشان دا.