Skip to the content

وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن گوێی لە داواكارییەكانی دانیشتوانی دەربەندیخان گرت

وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لەگەڵ خۆپیشاندەرانی دەربەندیخان و بەشێک لە چالاکانی ئەو شارەدا کۆبووەوە و تێیدا ڕایگەیاند: "پاڵپشت و پشتیوانیی جێبەجێکردنی داواکارییەکان دەبین."
 
رۆژی یەکشەممە، ٥ی شوباتی ٢٠٢٣، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، سەردانی قەزای دەربەندیخانی کرد و لەگەڵ ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران و چالاکانی سنوورەکە کۆبووەوە و ئاماژەی بەوە کرد "ئامانج لە سەردانەکەی لە نزیکەوە گوێگرتنە لە داواکاریی خۆپیشاندەران کە ماوەی چەند ڕۆژێکە بە شێوەیەکی شارستانییانە داواكانیان پێشكەش دەكەن."  
 
لەو میانەدا گوتی: "بە ئەرکی خۆمانی دەزانین کە هاونیشتیمانییان هەر گلەیی و داخوازییەکیان هەبێت، گوێیان لێ بگرین و ئەوەی لە تواناماندا بێت پاڵپشت و پشتیوانیی جێبەجێکردنی داواکانیان بین، ئێمە ھەر لە سەرەتاوە بەڵێنمان بە خەڵکی خۆمان داوە خزمەتیان بكەین."
 
 لە کۆبوونەوەکەدا کە لە قائیمقامییەتی دەربەندیخان بەڕێوەچوو، نوێنەرانی خۆپیشاندەران  تیشکیان خستە سەر داواکارییەکانیان کە پرسەكانی ئاوی خواردنەوەی شارەکە و کێشەی کارەبای دەگرتەوە. لەم ڕووەوە داوایان کرد وەزیری ئاوەدانکردنەوە پاڵپشتیی داواکارییەکانیان بێت و بە ئەنجومەنی وەزیرانی بگەیەنێت." 
 
سەبارەت بە پڕۆژەکانی ڕێگەوبانیش جەختی لەوە كردەوە "لە ڕابردوودا ژمارەیەک پڕۆژە كراون و لەگەڵ کۆتاییھاتنی وەرزی زستان، کارکردن لەو پڕۆژانە دەستپێدەکاتەوە کە تا ئێستا تەواو نەکراون و پڕۆژەی نوێش دەستپێدەكات."