Skip to the content

ژمارەیەک بەڕێوەبەرایەتی نوێ لە پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان دەکرێنەوە

بە واژووی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن فەرمان بۆ کردنەوەی ژمارەیەک بەڕێوەبەرایەتی لە ئیدارە سەربەخۆکان دەردەچێت، نوسراویش ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران دەکرێت بۆ کردنەوەی دوو بەڕێوەبەرایەتی گشتی لە پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین.

بەپێی فەرمانی وەزاریی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن فەرمانی کردوە بە کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، ئەوەش لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و خزمەتکردن و جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوەو سەرپەرشتی کردن و بەدواداچونی یەکەکانی نیشتەجێبون و پڕۆژەکانی بیناسازی لە سنورەکە.
لە فەرمانێکی دیکەشدا بڕیاردرا بە گۆڕینی فەرمانگەی لقی تاقیگەی بیناسازی راپەڕین بۆ بەڕێوەبەرایەتی تاقیگەی بیناسازی راپەڕین و لکاندنی بە دیوانی وەزارەتەوە لەڕوی تەکنیکی و کارگێڕییەوە.

لەلایەکی دیکەوە بۆ کەمکردنەوەی رۆتین و خێرا جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و چاککردنەوەی رێگاوبان لەسنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بڕیاردرا بە لکاندنی بەڕێوەبەرایەتی چاککردنەوە و پاراستنی رێگاوبانی زاخۆ لەڕوی کارگێڕی و دارایی و هونەرییەوە بە دیوانی وەزارەتەوە.

لە فەرمانێکی دیکەدا، بڕیاردرا بە کردنەوەو هێنانە کایەی هەردوو بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی سۆران و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی سۆران، ئەوەش لەبەر فراوانی سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و لەپێناو زیاتر گرنگیدان بە بوارەکانی رێگاوبان و پڕۆژەکانی دروستکردنی رێگاوبان و یەکەکانی نیشتەجێبون و بیناسازی لە سنورەکەو خزمەتکردنی زیاتر بە هاوڵاتیان.

هاوکات بە فەرمانێکی دیکە ئەندازیار باخان عەبدولرەحمان مستەفا، وەک بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی تاقیگەی بیناسازی هەڵەبجە دادەنرێت.

لەنوسراوێکی دیکەدا بەئیمزای وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن کە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە، پێشنیاری کردنەوەی هەردوو بەڕێوەبەرایەتی گشتی رێگاوبان و ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لە پارێزگای هەڵەبجەو ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین دەکات لەگەڵ دابینکردنی پێداویستییەکانیان و کردنەوەی ژمارەی حساب و یەکەی ژمێریاری بۆیان، ئەوەش لەپێناو باشتر سەرپەرشتی کردن و بەدواداچونی پڕۆژەکانی رێگاوبان و ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن و خزمەتکردن بەهاوڵاتیان.

ئەوەش دوای کۆبونەوەی ئەنجومەنی راوێژکاری وەزارەت دێت کە لە رۆژی ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، ئەو بڕیارانەی پەسەندکرد، بڕیاریشدرا بەکردنەوەی هۆبەیەکی تایبەتی رێگاوبان لەگەڵ دابینکردنی ئامێری پێویست بۆ دەربەندیخان و تونێلی دەربەندیخان.