Skip to the content

پەیامی پیرۆزبایی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بۆنەی 123یـەمین ساڵوەگەڕی ڕۆژنامەگەری کوردی

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی چوارشەممە ٢٠٢١/٤/٢١ وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بۆنەی 123یـەمین ساڵوەگەڕی ڕۆژنامەگەری کوردییەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە، كە ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:

لە ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردیدا، پیرۆزبایی لە سەرجەم رۆژنامەنووسان و میدیاکارانی کوردستان دەکەین و ئەم بۆنەیە بەرز و بەڕێز ڕادەگرین.

ڕۆژنامەگەری کوردی بە درێژایی مێژووی خۆی سەنگەری پێشەوەی خەباتی رزگاریخوازی گەلی کوردستان بووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتە شۆڤێنییەکان، کە ویستوویانە زمان و کلتووری کوردستانیان جینۆساید بکەن.

رۆژنامەگەری کوردی کە ئێستا بە ڕادەیەکی بەرچاو گەشەی کردووە و لەگەڵ پەرەسەندنە تەکنەلۆژییەکانی سەردەمدا خۆی گونجاندووە، جگە لە میدیای نووسراو و بینراو و بیستراو، میدیای ئەلەکترۆنیش هاتۆتە ئاراوە، بەمەیش ئەرک و بەرپرسیارییەتی میدیای لە ئاستی کۆمەڵگەدا گەورەتر کردووە. لەم ڕوەوە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان جەخت لەسەر پابەندبوونی میدیا دەکاتەوە بە بەها نیشتمانی و نەتەوەییەکان، لەسەر بناغەی پاراستنی بنەماکانی پێکەوەژیان و سیمبۆڵە سیاسی، کۆمەڵایەتی و کلتوورییەکان و ئازادی رادەربڕین و پاراستنی زمانی دایک و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندوتیژی و جیاکاری نەتەوەیی و مەزهەبی و جێندەری.

لەم بۆنەیەدا، وێڕای پیرۆزبایی، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان ئامادەیی خۆی دەردەبڕێت بۆ هەماهەنگی و کاری هاوبەش لەگەڵ لیژنەی تایبەتمەند لە پەرلەمانی کوردستان و فەرمانگەی میدیا و زانیاری و سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لە پێناو پەرەپێدانی بواری میدیا و یاسا کارپێکراوەکان و چارەسەرکردنی ئەو کۆسپ و تەگەرانەی دێنە سەرەڕێی هەنگاوەکانی پەرەسەندنێکی دروست و ئازادانەی میدیا.

لەم یادەدا جێگەی خۆیەتی یادی ماڵباتی بەدرخانیان و (کوردستان)ی نۆبەرە بەرز رابگرین، دروود و سڵاو بنێرین بۆ گیانی رۆژنامەنووسانی شەهید و بنەماڵە سەربەرزەکانیان.

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان

٢٢ نیسانی ٢٠٢١