Skip to the content

لەدیداری دەزگاکانی ڕاگەیاندندا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ یەک شەممە 2021/2/28 حەمەی حەمەسەعید وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان و د.سالار عوسمان بریکاری وەزارەت، پێشوازیان لە ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.

دواتر سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکیان کرد لەگەڵ میدیاکاران و نوێنەری چەندین دەزگای ڕاگەیاندن، لەدیدارەکەدا وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان بەخێرهاتنی وەزیری پەروەردەو نوێنەری فەرمانگەی میدیاو زانیاری کرد و گفتوگۆ دەربارەی ئەرکی دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەبڵاوکردنەوەی هۆشیاری سەبارەت بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کرۆنا کرد، دواتر وەزیری پەروەردە باسی لەگرنگی خۆپارێزی لەپەتای کرۆنا لەناو ناوەندەکانی خوێندن کرد و داوای لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد کەوا هاوکار و هەماهەنگی وەزارەت بن بۆ بڵاوکردنەوەی هەموو ئەو رێنماییە خۆپارێزییانەی کەلەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاودەکرێنەوە.

کاروان ستونی بەنوێنەرایەتی فەرمانگەی میدیاو زانیاری لەحکومەتی هەرێم ڕێنماییەکانی فەرمانگەکەیان بۆ ڕۆژنامەنووسان باسکرد، لەکۆتاییدا بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان ئەرکی میدیای بەرز نرخاند لەپرسە نیشتیمانی و تەندروستییەکاندا.

دواتر گفتوگۆیەکی کراوە لەنێوان دەزگاکانی ڕاگەیاندن و هەردوو وەزیردا دەستیپێکرد و چەندین پێشنیارو پرسیار وروژێنران و ئەوانیش وەڵامی سەرنجی میدیاکارانیان دایەوە.