Skip to the content

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان بەشداری کۆنفرانسی نووسەرانی ڕۆژئاوا دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق(GOV.KRD)- رۆژی پێنج شەممە 2021/1/21 بەئامادەبوونی نوێنەری بەڕێز وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک نووسەری رۆژئاواو نوێنەری پارت و هێزەسیاسییەکانی سەرتاسەری کوردستان ، دووەمین کۆنفرانسی یەکێتی نووسەرانی کوردستان/سوریا، لەهەولێری پایتەخت بەڕێوەچوو.

نامق هەورامی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان ، بەشداری کۆنفرانسەکەی کرد، لەوتارێکدا وێڕای پیرۆزبایی بەبۆنەی 75 ساڵەی دامەزراندنی کۆماری کوردستان لەمەهاباد، پیرۆزبایشی لە نووسەرانی ڕۆژئاوا کرد بەبۆنەی بەستنی دووەمین کۆنفرانسیان لەهەولێری پایتەخت.

هەورامی لەوتارەکەیدا جەختی لەوەکردوە ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان بوەتە چەتری کۆکردنەوەی کوردانی سەرجەم پارچەکانی کوردستان و ئەوانیش چاوی ئومێدیان لەپێشکەوتنی باشوورە.

یەکێتی نووسەرانی کوردستان لەڕۆژئاوای کوردستان، ساڵی 2015 دامەزراوە.