Skip to the content

وەزیری ڕۆشنبیری پێشوازی لەسەرۆکی ڕەوتی هاووڵاتی بوون کرد..

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق(GOV.KRD)- ڕۆژی سێ شەممە 2021/1/19 بەڕێز حەمەی حەمەسەعید وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان پێشوازی لە غەیس تەمیمی سەرۆکی ڕەوتی هاووڵاتی بوون لەعێراق و شاندی یاوەری کرد.

لەدیدارەکەدا سەرۆکی ڕەوتەکە بەوردی قسەی لەسەر کێشەی هاووڵاتی بوون لەعێراقدا کرد کە لەسەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە شوناسی هاووڵاتی بوون بزرە، جەختیشی کردوە بەخۆشحاڵیەوە ئەمڕۆ کوردستان شوێنی دەنگ و ڕەنگ و ئایین و نەتەو جیاوازەکانە و کار بۆئەوە دەکەین وەک پایتەختی پێکەوەژیان بناسرێت لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکەدا .

هەروەها لەدیدارەکەدا باس لەوەکرا کە رۆژانی 1تا8ی شوباتی ئەمساڵ هەفتەی جۆراوجۆری سازدەکرێت لەهەولێری پایتەخت بەمەبەستی داڕشتنی ستراتیژی کاری دەوڵەت لەبەڕێوەبردنی جوراوجۆری کۆمەڵگەدا.

لەلای خۆیەوە وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان وێڕای بەخێرهێنان جەختی لەسەر کلتووری هاووڵاتی بوون و چەمکی پێکەوە هەڵکردن و یەکترقبوڵکردن کردەوە، لەبەشێکی قسەکانیدا گووتی:" بەداخەوە دۆخەکە لەعێراقدا گەشتوەتە ڕادەیەک کەس ئەویتر قبوڵ ناکات، ڕۆژگارێک هەرێمی کوردستان لانەو داڵدەی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی بوو، کەچی دوای گەشتنە دەسەڵات کەوتنە سەنگەری نەیاری لەگەڵ هەرێمدا، بۆیە بۆئێمە هاووڵاتی بوون چەمکێکی نەگۆڕو پرەنسیبێکی چەسپاوە".

لای خۆیانەوە شاندی میوان سوپاسی بەڕێزیانیان کردو خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی بۆ کاری هاوبەش لەو بوارەدا.