Skip to the content

‎دووەمین خوولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" لە وڵاتی ڕووسیا دەستی پێکرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی چوار شەممە ۲۹ی حوزەیرانی ۲۰۲۲، بە چاودێریی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە مۆسکۆی پایتەختی ڕووسیا، دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆسکۆ دەستی بەکارەکانی کرد.
لە دەستپێکی فێستیڤاڵەکەدا، وتارێکی حەمەی حەمەسەعید وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان بە شێوەی ڤیدۆیی بۆ ئامادەبووان پێشکەش کرا، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان لە پەیامەکەیدا، پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە ئامادەکار و بەڕێوەبەر و بەشدارانی دووەمین فێستیڤاڵی فیلمی کوردی مۆسکۆ کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆخواستن و پشتیوانی بەردەوامی وەزارەتەکەی بۆ دووپات کردنەوە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامە ڤیدیۆییەکەی وەزیری ڕۆشنبیریدا باس لە گرنگی چالاکی کەلتووری لە دەرەوەی کوردستان کرا .
د. دانەر ئەبوبەکر نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مۆسکۆ لە وتارێکدا بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، پیرۆزبایی لە ڕێکخەران و بەشدارانی فێستیڤاڵەکە کرد .
دووەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ"  بە بەرپرسیاریی "گولیزەر گەردەن زەری" ، بە مەبەستی ڕەنگدانەوەی فەرهەنگ و مێژووی کوردەکان و هەروەها ژیانی مۆدێرنی ئەم نەتەوەیە، بە نمایشی ٥٤ فیلمی بڵندی سینەمایی، بەڵگەفیلم و کورتە فیلم لە سینەماکارانی ٨ وڵاتی جیهان و هەروەها بە پشتیوانی "کارۆ ئاڕت" لە ڕۆژانی ٢٩ی حوزەیران تا ١٢ی تەمموزی ٢٠٢٢ لە هۆڵەکانی ناوەندی سینەمایی "ئۆکتیابر" و لە شاری مۆسکۆ و لە سینەما کارۆ ١١ ئۆهتا لە شاری سەن پتێرزبوورگ لە وڵاتی ڕووسیا بەردەوام دەبێت.

فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" لە ڕیزبەندی فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلم دایە کە لە لایەن وەزارەتی فەرهەنگی ڕووسیا و بە واژۆی "ئۆ. بی. لیۆبیمۆڤا" ی وەزیرەی کەلتووری ئەم وڵاتە و بە نامەی فەرمی ژمارە ١٦٩٢ ڕێکەوتی ٢٤ی دیسەمبەری ٢٠٢٠ لە چوارچێوەی ڕووسیا لە ساڵی ٢٠٢٢ بەڕێوە دەچێت.

بەرپرسانی دووهەمین خوولی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" لە ڕاگەیێندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند: ئەمە ڕووداوێکی کەلتووری سەرسووڕهێنەرە بۆ هەموو لایەنگرانی فیلم و هەروەها بۆ کوردانی ڕووسیا و هەموو ئەو کەسانەی کە سەبارەت بە چارەنووسی ئەم خەڵکە قارەمانە بێکاردانەوە نین. فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" بەرزتر لە سیاسەت و مەزهەب دەڕوانێت و چاو لە سینەما وەکو هونەرێکی بنەڕەتی و کەرەستەیەکی گرینگ بۆ گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان دەکات و  زانیاریی پێویست دەبەخشێت.
بەرهەمەکانی ئامادەبوو لەم فێستیڤاڵە، پێشکەش بە چارەنووس، مێژوو، خەباتی سەخت و بەرخۆدانی کوردەکان کراوە و بە زمانی سەرەکی و بە ژێرنووسی ڕووسی پیشان دەدرێن. هۆگران لەگەڵ کەلتوور و زمانی نەتەوەیی خەڵکی باستان و هەروەها مێژوو و دابونەریتەکانی سەدان ساڵە و خەباتەکانی ئەوان ئاشنا دەبن.
فێستیڤاڵی ئەمساڵ، بە هەشتاو پێنجەمین ساڵیادی لە دایکبوونی ئەفسانەی سینەمای کوردستان "یەڵماز گۆنای" دەرهێنەری ناوداری کورد تەرخانکراوە. فیلمی دەستپێکی فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ"ی ٢٠٢٢، تایبەتە بە پیشاندانی فیلمی "ڕێگە" کە لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی "کان"ی فەڕەنسا لە ساڵی ١٩٨٢ خەڵاتی گەورە و گرینگی چڵە خورمای زێڕینی بەدەستهێنا.
بەرنامەی پێشبڕکێی فێستیڤاڵ، فیلمەکانی ئەو ٨ وڵاتە لەخۆ دەگرێت کە لە لایەن دەرهێنەرەکانیانەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەورووپا سازکراون.

فێستیڤاڵە فیلمە کوردییەکان ساڵانێکە کە لە پایتەختەکانی ئەورووپا و جیهان بە سەرکەوتوویی بەڕێوە دەچن.
لە ساڵی ٢٠٢٢ ئەمە دووهەمین ساڵە کە شاری مۆسکۆ دەرگەکانی خۆی دەکاتەوە و دەرفەتێکی بێوێنە بۆ بینینی باشترین فیلمەکانی دەرهێنەرانی کورد دەڕەخسێنێت. 
ئەم فێستیڤاڵە لە ڕێگەی پیشاندانی ئەو فیلمانەی کە تایبەتە بە بابەتی کورد و کوردستان، بە گەشەسەندنی سینەمای نێودەوڵەتی، پاراستنی شووناسی نەتەوەیی و زمانی دایکی کوردەکان و هەروەها دەرفەتێکە بۆ یارمەتیدان و بە هاوبەشدانانی میراتی مێژوویی و کەلتووری خۆمان لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی دانیشتووی ڕووسیا.

فێستیڤاڵی فیلمی کوردی "مۆسکۆ" لە لایەن وەزارەتی کەلتوور لە ڕیزبەندی فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکانی فیلمی بەڕێوەچوو لە فیدڕاسیۆنی ڕووسیا بۆ ساڵی ٢٠٢٢ جێگەیەکی تایبەتی بۆ دیاریی کراوە.