Skip to the content

‎کچە ئەکتەرێکی کەرکووک لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی تەرابلوس لە لوبنان خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچی بەدەستهێنا

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی شەممە ٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، گرووپی شانۆیی هەوار لە کەرکووک، بە نوێنەرایەتیی کوردستان و عێراق بە مۆنۆدرامای "وەك قەقنەس دەسووتێم" بەشداری لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی تەرابلوس لە لوبنان کرد و توانی خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچ بەدەستبێنێت.

هەوار فارس، خانمە شانۆكار کە لە فێستیڤاڵەکەدا خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچی بەدەستهێناوە، بە جلوبەرگی کوردی و ئاڵای کوردستانەوە بەشداری لە فێستیڤاڵەکەدا کرد و خەڵاتی یەکەمی ئەکتەری کچی بە دەستهێنا.

هەرچەند شانۆکە بە زمانی کوردی پێشکەشکرا، بەڵام ئەوە ڕێگر نەبوو لەوەى پەیامی نمایشە هونەرییەکە بگاتە ئامادەبووان.

مۆنۆدرامای "وەك قەقنەس دەسووتێم" لە دەرهێنانی گەزیزە عومەر و دەرهێنانی نەژاد نەجم، تا ئێستا بەشداری لە ١٧ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی کردووە.

فێستیڤاڵی شانۆی تەرابلوس لە لوبنان خولی یەکەمی بەڕێوەچوو، تێیدا هەشت وڵات بەشداریان کردبوو، کە یەکێک لە گرووپە بەشداربووەکان گرووپی شانۆی هەوار بوو، کە بە نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان و عێراق بەشدار بوون.

گرووپەکە جگە لە نمایشکردنی مۆنۆدراماکە بەشداریان لە چەند وۆرک شۆپێک کرد کە لە چوارچێوەی فێستیڤاڵەکەدا رێکخرابوون.

فێستیڤاڵی شانۆی تەرابلوس لە لوبنان لە ٢٧ی ئابی ٢٠٢٢ دەستیپێکرد و چوار رۆژ بەردەوام بوو، جگە لە نمایشی چەند شانۆییەک، ژمارەیەک چالاکیی دیکەش ئەنجام دران.