Skip to the content

بڵاوکراوەکان

 

یاسای وەزارەت

یاسای وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی کوردستان ـ عێراق

مەبەست لەم زاراوە و دەستەواژانەی دادین، واتاکانی بەرامبەریانە بۆ مەبەستی ئەم یاسایە:

یەکەم: ھەرێم: ھەرێمی کوردستان ـ عێراق.

دووەم: وەزارەت: وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان لە ھەرێمدا.

سێیەم: وەزیر: وەزیری رۆشنبیری و لاوان لە ھەرێمدا.

چوارەم: لاوان: ئەو توێژەی کە تەمەنیان لە نێوانی (١٤) ساڵ تا (٣٤) ساڵە.

وەزارەت بەجێ گەیاندنی ئەم ئەرکو ئامانجانەی دادێن دەگرێتە ئەستۆ.

یەکەم: بایەخدان بەبنیات نانی ژێرخانی پێویست بۆ پەرەپێدانی بوارەکانی رۆشنبیریو ھونەر و وەرزش و قاڵ کردنەوەی تواناکانی لاوان لە ھەرێمدا.

دووەم: بڵاوکردنەوە و پەرەپێدانی کولتوری کوردستان بەو جۆرەی رەسەنایەتی  وپاراستنی کەلەپوور پتەودەکات و، گەشە بەنەریتی مەدەنی و پێشکەوتنخواز لە بواری چالاکیی کولتووری و ھونەری و وەرزشی و لاوان دەدات و، رێز گرتن لە فرەیی ھزری کولتووری و نەتەوەیی و بایەخدان بە زمانی کوردی و زمانی نەتەوەکانی دیکەی ھەرێم و بەو جۆرەی پشتگیری لە رۆحی وڵاتایەتی (ھاوڵاتی بوونی) کوردستانی و کرانەوە بەرەو چاوگەکانی کولتووری جیھانی دەکات.

سێیەم: پەرەپێدانی پەیوەندی کولتووری و وەرزشی و چالاکیی لاوان لەگەڵ کوردستانیانی وڵاتانی دراوسێ و جیھان و ناوچەکانی دیکەی عێراقی فیدراڵ و گەلانی ناوچەکە و جیھان.

چوارەم: ەپشتیوانی کردن و ھاندانی بزاڤی دانان و وەرگێڕان و بڵاوکردنەوەو، ڕێزنان لە نووسەرو ئەدیب و ھونەرمەندو رۆژنامەنووس و داھێنەران، لەرێی دەست گیرۆیی کردنی چالاکییەکانیان و چاپ کردنی بەرھەمی جۆربەجۆریان بە گوێرەی پرەنسیپی تایبەت لەگەڵ پاراستنی مافی بەدەست ھاتوویان.

پێنجەم: ھەماھەنگی کردن لەگەڵ وەزارەت و لایەنانی پەیوەندیدارو رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لە ھەرێمدا، بەو جۆرەی پێداویستەکانی پەرەپێدانی مرۆیی و بڵاوکردنەوەی کولتووری کاری ھاوبەش و خۆبەخشانە لەنێو کۆمەڵدا بەجێ دەگەیەنێت.

شەشەم: دارشتنی پلانی پێویست بۆ پشتگیری کردنی بزاڤی وەرزشی و چالاکی لاوان و ھاندان و چاودێری کردن و رێزگرتنی وەرزشوانان، لەڕێی ھەماھەنگی کردن لەگەڵ لیژنەی ئۆلۆمپی کوردستان بە ئامانجی پەرەپێدانی واقیعی بزاڤی وەرزش لە ھەرێمدا.

حەوتەم: دامەزراندنی کتێبخانەی نشتیمانی و ناوەند (سەنتەر)ی بەڵگەداری و ئەرشیفکاریی کوردستان و بایەخدان بە کتێبخانەی گشتی و چالاکییەکانی پەیوەندیدار بە بوارەکانی رۆشنبیری منداڵ و ھونەری شێوەکاری و سینەما و شانۆ و مووزیک و فۆلکلۆر و کولتووری میللی و دروست کردنی مافوورو، پیشەسازیی میللی دەست و دابین کردنی ھۆڵ بۆ ھونەری شێوەکاری، بۆ نمایشی شانۆیی و سینەمایی ھاوچەرخ و کردنەوەی پیشانگای کتێب.

ھەشتەم: سازکردنی فیستیڤاڵ و کۆڕو وۆرک شۆپی رۆشنبیری و ھونەری وەرزشی و چالاکیی وەرزشی تایبەت بەم بوارانە.

نۆیەم: ھەماھەنگی کردن لەگەڵ لایەنانی پەیوەندیدار، سەبارەت بەوەی پەیوەستە بەکاری ئاژانسەکانی ھەواڵ و دەرکردنی رۆژنامەو گۆڤارو پەخشی ئێزگەو تەلەفزیۆنە، بە ئامانجی گەیاندنی سیاسەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھێندەی پەیوەستە بە بوارو جموجۆڵی رۆشنبیری و ھونەری و وەرزشی و میدیایی و یەکێتییەکان و تیپەکانی ھونەر و یانە ئەھلییەکانی وەرزش و ھۆڵەکان و قوتابخانەو پەیمانگەکانی وەرزش و ھونەرو یاریگاکانەوە.

دەیەم: بایەخدانی تایبەت بە بوارەکانی کولتوورو ھونەر و وەرشی ژنانەو، کارکردن لە پێناو بڵاوکردنەوەی کولتووری جۆری کۆمەڵایەتی جەندەر (بەمانای تێروانینی یەکسان بۆ تاکەکان بەپێی شارەزایی و لێھاتوویی پسپۆریی دوور لە جیاکاری و رەگەزی و پێگەی کۆمەڵایەتیان).

یازدەم: بەشداری کردن لەگەڵ وەزارەتانی پەیوەندیدار بۆ دارشتنی سیاسەتێکی نیشتیمانیی کوردستانی، بۆ کارا کردنی بەشداربوونی لاوان کاروباری گشتی و ناوەندەکانی بڕیارو کارکردن لە پێناو چارەسەرکردنی گرفتەکانی لاوان و شیاندنیان لەڕێی بەشداری کردن لە پرۆسەی پەرەپێدانی سیاسی و ئابووری کۆمەڵایەتیدا.

دوازدەم: پشتیوانی کردن و بایەخدان بەلاوانی خاوەن پێداویستی تایبەت و کارکردن بۆ بەرز کردنەوەی وزەو توانایان لە بواری ھەمەجۆردا.

سێزدەم: ھۆشیار کردنەوە بە زیانی بەکارھێنانی ماددەی ھۆشبەر لە کۆمەڵگاداو قەدەغەکردنی بەکارھێنانی ماددەی چالاکی بەخش و یاساغ لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لەبواری وەرزش.

چواردەم: ھاندانی کەرتی تایبەت لەبواری چالاکیی رۆشنبیری و ھونەری و وەرزش و لاوان بە گوێرەی یاسا.

پازدەم: بایەخدان بە کلتووری کوردی لە پاشکۆکانی کولتووری لە باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی عێراق و ھەروەھا نوسینگەو نوێنەرایەتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە دەرەوە.

وەزارەت بریتییە لەم پێکھاتانەی دادێن:

یەکەم: وەزیر: ئەو سەرۆکی باڵای وەزارەتە و بەرپرسە لە ئاراستە کردنی کارو سیاسەتەکەی و سەرپەرشتی کردن و چاودێری کردنی چالاکییەکانی و، وە لەھەموو بڕیارو فەرمان و رێنماییەکی بە گوێرەی حوکمەکانی ئەم یاسایە لەوەوە دەردەچن و سەرپەرشتیی ئەویش جێبەجێ دەکرێن، بەرپرسە، لەھەموو ئەوانەی پەیوەندی بە ئەرکەکانی وەزارەت و پێکھاتەکان و دەسەڵاتەکانی و تێکڕای کاروباری تەکنیکی و دارایی و ئابووری و کارگێڕی و رێکخستنەوە ھەیە، بەوەی ئەندامێکی ھاوکاریەتی بەرامبەر بە ئەنجومەنی وەزیران بەرپرس دەبێت، بۆشی ھەیە ھەندێک لە دەسەڵاتی خۆی بداتە ھەر کام لەدوو بریکارەکەی وەزارەت، یان بەڕێوەبەرانی گشتی، یان کەسێک کە لە وەزارەتدا بە گونجاوی دەزانێت.

دووەم: نوسینگەی وەزیر: فەرمانبەرێک بە پلەی بەڕێوەبەر، بەرێوەی دەبات، بڕوانامەی بەرایی زانکۆی بەدەست ھێناوەو، چەند فەرمانبەرێکیش یاریدەی دەکەن.

سێیەم: بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری رۆشنبیری و ھونەر: یاریدەی وەزیر دەدات لە ئاراستە کردنی وەزارەت و سەرپەرشتی کردنی کاروباری لە چواچێوەی ئەو دەسەڵاتەی لەلایەن وەزیرەوە پێی دەسپێردرێت، بەمەرجێک بەلای کەمەوە بڕوانامەی بەرایی پسپۆریی زانکۆی بەدەست ھێنابێت و لەوانەی خاوەن شارەزایی و کردن (ممارسە) بێت.

چوارەم: بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری وەرزش و لاوان: یاریدەی وەزیر دەدات لە ئاراستە کردنی وەزارەت و سەرپەرشتی کردنی کاروباری لە چواچێوەی ئەو دەسەڵاتەی لەلایەن وەزیرەوە پێی دەسپێردرێت، بەمەرجێک بەلای کەمەوە بڕوانامەی بەرایی پسپۆریی زانکۆی بەدەست ھێنابێت و لەوانەی خاوەن شارەزایی و کردن (ممارسە) بێت.

پێنجەم: نوسینگەی ھەردوو بریکاری وەزارەت: فەرمانبەرێک بە پلەی بەرێوەبەر، بەرێوەی دەبات، بڕوانامەی بەرایی زانکۆی بەدەست ھێناوەو، چەند فەرمانبەرێکیش یاریدەی دەکەن.

شەشەم: راوێژکاران ژمارەیان لە چوار زیاتر نابێت بە مەرجێک بەلای کەوە ھەڵگری بڕوانامەی بەرایی پسپۆری زانکۆ بن و، لەوانەی خاوەن شارەزایی و کردن (ممارسە)ن و لەلایەن وەزیریشەوە پسپۆراتییەکەیان ددیاری دەکرێت .

حەوتەم: بەرێوەبەراتییە گشتییەکان: وەزارەت لەم بەڕێوەبەراتییە گشتیانەی دادێن پێک دێت، ھەر یەکەشیان بەرێوەبەرێکی گشتی بەریوەی دەبات، کە بروانامەی بەرایی زانکۆی بەدەست ھێناوەو لەوانەی خاوەن شارەزایی و کردن (ممارسە)ن:

١- بەرێوەبەرایەتی گشتی دیوان.

٢- بەرێوەبەرایەتی گشتی کتێبخانەی گشتی.

٣- بەرێوەبەرایەتی گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوە.

٤- بەرێوەبەرایەتی گشتی کاروباری وەرزش.

٥- بەرێوەبەرایەتی گشتی کاروباری لاوان.

٦- بەرێوەبەرایەتی گشتی کاروباری رۆشنبیری ھونەری تورکمان.

٧- بەرێوەبەرایەتی گشتی کاروباری رۆشنبیری و ھونەری سریان.

٨- بەرێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و ھونەرو وەرزش و لاوان لە پارێزگاکانی ھەرێم و ئیدارەی گەرمیان.

وەزات ئەنجومەنێکی راوێژی ھەیە و پێک دێت لە:

یەکەم: وەزیر: سەرۆک

دووەم: ھەردوو بریکاری وەزارەت ـ ئەندام، لە حاڵەتی ئامادە نەبوونی وەزیر، بریکاری دێرینی وەزارەت سەرۆکایەتیی ئەنجومەنەکە دەکات.

سێیەم: راوێژکاران ـ ئەندام.

چوارەم: بەرێوبەرانی گشتی وەزارەت ـ ئەندام

پێنجەم: ھەر شارەزا یان پسپۆرێک کە وەزیر لە ناوخۆی وەزارەت یان دەرەوەی ھەڵیدەبژێرێت، بەبێ ئەوەی مافی دەنگدانی ھەبێت

یەکەم: بەپەیڕەوێک ئەرک و پسپۆریەتیی پێکھاتەکانی وەزارەت دیاری دەکرێن.

دووەم: وەزیر بۆی ھەیە بەرێوەبەرایەتی یان بەش یان ھۆبەکانی وەزارەت لە نوێ بکاتەوە یان تێکەڵ بکات یان ئیلغا بکات، ئەویش لەکاتی پێویست و بە ئامانجی پەرەپێدانی کاری وەزارەت.

سێیەم: وەزیر بۆی ھەیە رێنمایی پێویست بۆ ئاسان جێبەجێ کردنی حوکمەکانی ئەم یاسایە دەربکات.

وەزیر بۆی ھەیە گرێبەست لەگەڵ کەسانی ئاسایی و مەعنەوی، لەوانەی خاوەن شارەزاین و پسپۆریی لە ناوخۆی ھەرێم بکات، بۆبەجێ گەیاندنی ئەو کارو ئەرکانەی پێی دەسپێردرێت  و بۆ ئەو ماوەیەی بە گونجاوی دەبینێت و ئەویش بە مەبەستی بەجێ گەیاندنی ئامانجەکانی وەزارەت و، بەدەست ھێنانی رەزامەندیی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران ئەگەر گرێبەست کردنەکە لەگەڵ کەسانی دەرەوەی ھەرێمدا بوو.

یەکەم: یاسای وەزارەتی رۆشنبیری ژمارە (١٤)ی ساڵی ٢٠٠٧و، یاسای وەزارەتی وەرزش و لاوان ژمارە (٨)ی ساڵی ٢٠٠٧، ئیلغا دەکرێن.

دووەم: ھەموو موڵک و ھەبوو و میلاکی کارمەندانی ھەردوو وەزارەتی رۆشنبیری و ، وەرزش و لاوان دێتە ئەستۆی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانەوە.

کار بەھیچ دەقێکی یاسایی یان بڕیارێک ناکرێت کە لەگەڵ حوکمەکانی ئەم یاسایەدا ناکۆکە.

پێویستە ئەنجومەنی وەزیران و لایەنانی پەیوەندیدار، حوکمەکانی ئەم یاسایە جێبەجێ بکەن.

ئەم یاسایە لە رۆژی بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمیی (وەقایعی کوردستان)دا جێبەجێ دەکرێت.

 

ھۆیەکانی دەرچوونی

لەبەر نوێ کردنەوەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان لەپاش تێکەڵ کردنی ھەردوو وەزارەتی رۆشنبیری و وەرزش و لاوان لە یەک وەزارەتدا و، بۆ ئەوەی پێکھاتەو ئامانج و ئەرکەکانی دیاری بکرێن، ئەم یاسایە دەرچوێندرا.