Skip to the content

بریارەکانی وەزارەتی پەروەردە سەبارەت بە خوێندنی ئەلیکترۆنی

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئاماژە بە پەسەندكردنی پلانی وەزارەتی پەروەردە لە كۆبونەوەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا، رۆژی یەك شەممە ٢٠٢١/٤/١١ كۆمەڵێك بریاری دەركرد كە ئەمانەی خوارەوە دەقی بریارەكانن:

یەكەم:پرۆسەی خوێندن لە قۆناغەكانی ١ی بنەڕەتی تا ١١ی ئامادەیی و پەیمانگاكانی وەزارەتی پەروەردە (حكومە و ناحكومی) لە رێكەوتی ٢٠٢١/٤/١٧ بەشێوازی ئەلیكترۆنی و ئۆنلاین، بەشێوەی ئیلزامی بەردەوام دەبێت.

دووەم: پێش وادەی ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی وەرز ئەگەر دۆخی تەندروستی رێگای دا، خوێندنی ناوپۆل بەشێوازی تەناوب دەستپێدەكاتەوە، بەڵام ئەگەر بارودۆخی تەندروستی رێگربوو لە كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان ئەوا تەنها تاقیكردنەوەكانی وەرزی ئەنجام دەدرێن لەسەر بنەمای خوێندنی ئەلیكترۆنی.

سێیەم: ئەو قۆناغانەی پەیمانگا كە بابەتی پراكتیكیان هەیە، ئەوا بەرێنمایی تەندروستی و بەشێوەی خشتەیەك كە ئامادەدەكرێ، لەناو پەیمانگا بابەتە پراكتیكیەكە دەخوێندرێت.

چوارەم: قوتابخانەو پەیمانگاكان پێویستە ئەم رێككارانە پەیرەو بكەن:

1-لەسەر ئاستی كارگێری قوتابخانە لیژنەیەك پێكدەهێنرێت بەناوی ( لیژنەی خوێندنی ئەلیكترۆنی ) كە سەرپەرشتی پرۆسەی خوێندنی ئەلیكترۆنی دەكات.

2-پێویستە هەفتانە راپۆرت لەلایەن لیژنەی خوێندنی ئەلیكترۆنی پێشكەشی بە هاورێی رەخنەگر بكرێت.

3-لەسەر ئاستی بەرێوەبەرایەتی سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لیژنەی خوێندنی ئەلیكترۆنی پێكدەهێنرێت و كارنامەی هاورێی رەخنەگرو پلانی كاری بۆ دیاریدەكات.

4-كارنامەی سەرپەرشتیاران دەبێت بە كارنامەی بەدواداچونی قوتابخانەكان.

5-كارگێری قوتابخانە رۆژانی دووشەممە و چوارشەممە دەوامی قوتابخانەكان دەكەن.

6-مامۆستایان هەفتانە یەك رۆژ دەوام دەكەن و راپۆرتی خۆیان پێشكەشی كارگێری قوتابخانە دەكەن.

7-بەهەر شێوازێكی ئەلیكترۆنی گونجاو مامۆستایان پابەنددەبن بە پەیوەندی لەگەڵ قوتابیان.

8-لەسەر ئاستی بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەو پەروەردەی قەزا و بەرێوەبەری گشتی بەرێوەبەرایەتی گشتی پەیمانگەكان لیژنەی خوێندنی ئەلیكترۆنی پێكدەهێنرێت.