Skip to the content

چەندین وەزارەتى حکومەتى هەرێم هەماهەنگن بۆ باشتر بەڕێوەچوونى تاقیکردنەوە وەزارییەکانى پۆلى ١٢ى ئامادەیی

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- خوولی یه‌كه‌می تاقیكردنه‌وه‌ گشتییه‌كانی قۆناغی ١٢ی ئاماده‌یی بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٠ ـ ٢٠٢١، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتى ٢٥/٧/٢٠٢١ى زایینى و بە ئامادەبوونى زیاتر لە ١٢٤ هەزار قوتابی ده‌ستی پێ كرد.

ئەمساڵ لە کۆى ملیۆنێک و نیو قوتابی، ١٢٤٨٦٩ قوتابی پۆلى ١٢ى ئامادەیی لە هەموو هەرێم بەشدارى خوولى یەکەمى تاقیکردنەوەکانیان کرد کە بەم شێوەیە دابەش بوونە بەسەر پارێزگا و یەکە ئیدارییەکانى هەرێم:

ـ هه‌ولێر: ٤٦٧٦٢ قوتابی

ـ سلێمانی: ٣٢٤٦٧ قوتابی

ـ دهۆك: ٣٨٠٢١ قوتابی

ـ هه‌ڵه‌بجه: ١٩٦٣ قوتابی

ـ گه‌رمیان: ٥٦٥٦ قوتابی

بۆ به‌ڕێوه‌چوونی تاقیكردنه‌وه‌كان، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، هه‌وڵی داوه‌ زۆرترین هۆڵی تاقیكردنه‌وه‌ بۆ قوتابیان ئاماده‌ بكات، بۆ ئەم مەبەستەش لە‌ سه‌راسه‌ری هه‌رێمی كوردستان (٢٣٦٧) هۆڵی تاقیكردنه‌وه‌ی بۆ قوتابیانى پۆلى ١٢ى ئامادەیی بە بەشەکانى زانستى و وێژەیی و پیشەیی و خوێندنى ئیسلامییەوە ئاماده‌ كردووە کە به‌م شێوه‌ی خواره‌وه‌‌ دابەش کراوە:

ـ هه‌ولێر:  ٨٣٤ هۆڵ

ـ سلێمانی: ٦٧٥ هۆڵ

ـ دهۆك: ٦٩٤ هۆڵ

ـ هه‌ڵه‌بجه: ٥٤ هۆڵ

ـ گه‌رمیان: ١١٠ هۆڵ

بۆ ئه‌وه‌ی پرۆسه‌ى تاقیکردنەوەکان‌ به‌بێ كێشه‌ و گرفت به‌ڕێوه‌ بچێت، وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان، سه‌رپه‌رشتیارانی په‌روه‌رده‌ییشی به‌شدار کردووە بۆ چاودێریکردن و بەڕێوەبردنى هۆڵی تاقیكردنه‌وه‌كان، کە سەرجەمیان هەر لە سەرپەرشتیار و بەڕێوەبەرى هۆڵ و یاریدەدەر و چاودێر و خزمەتگوزارەوە دەکاتە نزیکەى ١٨٥٠٠ کەس کە بەم شێوەیەیە دابەش کراوە:

ـ سه‌رپه‌رشتیار : ٢١٥٠ کەس

ـ به‌ڕێوه‌به‌ری هۆڵ:  ٢٣٦٧ کەس

ـ یاریده‌ده‌ر: ٢٤٥٢ کەس

ـ چاودێر: ٩٠٠٠ کەس

 

دکتۆر ئالان حەمەسەعید وەزیرى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان باسى لەوە کرد کە "لەبەر هەستیارى و گرنگى و چارەنووسسازیى تاقیکردنەوە گشتییەکانى پۆلى ١٢ى ئامادەیی، ساڵانە چەندین وەزارەت هاوکارى وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستانن. بۆ ئەم ساڵیش وەزارەتى ناوخۆ و گواستنەوە و گەیاندن و کارەبا و تەندرووستى هاوکارمان بوون بۆ سەرکەوتنى پڕۆسەکە."

وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێم بە دابینکردنى ئاسایش و پۆلیس، ڕێگەیان لە هەر جۆرە پشێوى و خۆتێهەڵقورتاندنێک کردووە کە ئەگەر بێتوو هەوڵى ئەنجامدانى بدرێت و هەروەها وەزارەتى گواستنەوەو گەیاندنى حکومەتى هەرێم بڕیارى پچڕاندن و وەستاندنى هێڵى ئەنتەرنێتى داوە لە هەموو هەرێمى کوردستان، واتە لە کاتژمێر ٦:٣٠ تا ١٠:٣٠ بەیانى ئەنتەرنێت نابێت تا بەر بە هەموو جۆرە گزیکردنێک بگیردرێت.

هەروەها ئەمساڵ وەزارەتى پەروەردە ژمارەى ئەو فیدەر و محاویلەیان داوەتە دەست وەزارەتى کارەبا کە هۆڵى تاقیکردنەوەکانیان لەسەر، بۆ ئەوەى بە خێراترین و ئاسانترین ڕێگە و شێوە هەوڵى دابینکردنى کارەبایان بۆ بدرێت تا ئامرازەکانى فێنککەرەوە و ڕووناکى و بڕینى وایرلێس تیایاندا مەیسەر و دەستەبەر بێت.

 

وەزیرى پەروەردە باسى لەوە کرد کە "سوپاسى تایبەتم هەیە بۆ وەزیرى کارەبا کە بڕێکى زۆرى کارەباى دابین کرد بۆ هۆڵەکان لە کاتى تاقیکردنەوەکان و هەروەها سوپاس بۆ وەزارەتى تەندرووستى کە بەردەوام چاودێرى بوارى تەندرووستى مامۆستایان و قوتابیان دەکات و هەروەها سوپاس بۆ دەزگاى خێرخوازى بارزانى کە ١٥٠ هه‌زار ده‌مامكیان دابین كرد بۆ ئه‌وه‌ی له‌ سه‌رجه‌م هۆڵه‌كان به‌سه‌ر مامۆستایان و قوتابیاندا دابه‌ش بكرێت و ئەم دەمامکانە دەشۆردرێن و دەتوانرێت بۆ ماوەى مانگێک بەکار بهێنرێنەوە."

فاتێح مەولەویزادە جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى ئەزموونەکانى وەزارەتى پەروەردە باسى لەوە کرد کە "پێشووتر ئەرکى سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رانی هۆڵه‌كان قورس بوو و دەبوو لە هه‌ر هۆڵێک ناوی سیانی یان چواری قوتابیان له‌گه‌ڵ كۆدی ئه‌زموونه‌كانیان بنووسرابوایەوە و واژۆیان لەسەر کرابوایە، بەڵام ئێستا‌ ئه‌و ئاسانكارییانه‌ له‌ رێگه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئه‌زموونه‌كانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌ت ئه‌نجام دراوه‌، واته‌ به‌ گوێره‌ی زنجیره‌ له‌ قوتابیانی به‌شداربوو له‌ هه‌ر هۆڵێكدا له‌ ناوی یه‌كه‌مه‌وه‌ تا كۆتایی ئاماژ‌یان پێ كراوه‌، ته‌نها ئاماژەكردن به‌ گرووپ و ئامادەبوون یا ئامادەنەبوونیان له‌ ئه‌ستۆی به‌ڕێوه‌به‌ری هۆڵه‌كان و یاریده‌ده‌ره‌كانیانه‌، هاوكات داوا له‌ هه‌موو چاودێران كراوه‌ سه‌رپه‌رشتی پرۆسه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ گشتییه‌كان بكه‌ن و به‌ڕێوه‌به‌ر و یارده‌ده‌ری هۆڵ ده‌توانن زانیاریی و روونكردنه‌وه‌ی پێویست به‌ قوتابیان بده‌ن، له‌ به‌رانبه‌ریشدا قوتابیان به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسایی ده‌توانن پرسیار بكه‌ن و وه‌ڵامی پێویست وه‌ربگرن. ئه‌وه‌ی كه‌ زۆر گرینگه‌ داوا له‌ سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌ر و یاریده‌ده‌ره‌كان كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی روونكردنه‌وه‌یه‌كی زۆر ورد له‌ باره‌ی په‌ڕی سۆما به‌ قوتابیان بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵه‌ی تێدا نه‌كه‌ن، چونكه‌ به‌ شێوازێكی ئه‌لیكترۆنییه‌، هه‌روه‌ها پێویسته‌ قوتابیانیش زۆر به‌ وردی په‌ڕی سۆماكان وه‌ڵام بده‌نه‌وه.

هەردى مەعرووف سەعید، بەڕێوەبەرى ئەزموونەکانى وەزارەتى پەروەردە باسى لەوە کرد کە زیاتر لە پێنج ساڵێکە لە هەرێمى کوردستان و بۆ تاقیکردنەوە گشتى و نیشتمانییەکانى پۆلى ١٢ى ئامادەیی و ٩ى بنەڕەتى پەڕەى سۆما بەکار دەهێنرێت کە هەم کاریگەرى هەیە لەسەر دروستبوونى دادپەروەرى لە دانانى نمرە و هەمیش ڕێگەیەکى ئاسان و گونجاو و مۆدێڕنە بۆ وەڵامدانەوەى تاقیکردنەوەکان لە لایەن قوتابییانەوە.

 لەسەر پەڕەى سۆما شوێنى پەنجەمۆر هەیە تا قوتابی بە وەرگرتنى پەڕەکە پەنجەمۆرى خۆى لەسەر بکات بۆ ئەوەى ئەگەرى ئاڵوگۆڕى پەڕەکەى لەگەڵ قوتابییەکى دیکە بگەیێنرێتە سفر و قوتابیش بەرپرس بێت لەسەرجەم زانیارییەکانى نێو پەڕەکە. لە تاقیکردنەوەکانى ساڵى خوێندنى ٢٠١٨ ـ ٢٠١٩ پەنجەمۆرەکە لە قوتابیان وەرگیرا و ساڵى دواترى بە هۆى هاتنى پەتاى کۆڕۆناوە و لەسەر پێشنیارى وەزارەتى تەندرووستى ئەم پەنجەمۆرە وەستێنرا، بەڵام ئەمساڵ بۆ تاقیکردنەوەکانى ساڵى خوێندنى ٢٠٢٠ ـ ٢٠٢١ پەنجەمۆر لە قوتابیان وەرگیرایەوە تا پارێزراوى پڕەکەیان زیاتر بکەن.

جێی ئاماژە‌یه‌ تاقیكردنه‌وه‌كان له ڕێکەوتى ٢٥/٧/٢٠٢١ى زایینى و له‌ كاتژمێر ٧:٣٠ى بەرەبەیان دەستیان پێ کرد و بڕیار وایە لە ڕێکەوتى ٢٢/٨/٢٠٢١ى زایینى كۆتاییان پێ دێت، واتا ئه‌و ڕۆژانه‌ی به‌ر پشووی فه‌رمیش ده‌كه‌ون تاقیكردنه‌وه‌كان به‌رده‌وامییان ده‌بێت. وەزارەتى پەروەردە کاتى دەستپێکى ڕۆژانەى تاقیکردنەوەکانى کاتژمێرێک دابەزاندووە واتە ساڵان تاقیکردنەوەکان کاتژمێر ٨:٣٠ دەستیان پێ دەکرد، بەڵام ئێستا بووەتە ٧:٣٠، ئەمەش بە مەبەستى یارمەتیدانى قوتابیانە لە ڕزگابوونیان لەم پلە گەرمایەى کە ڕووى لە هەرێم و ناوچەکە کردووە و قوتابییانیش بەمە دڵخۆشن کە گەرمایەکى کەمتریان تووش دەبێت لە کاتى بەڕێوەچوونى پڕۆسەکە.

 

لینکی ڤیدیۆی تایبەت بە ووتەکانی وەزیری پەروەردە:

https://youtu.be/yZN4EJfYB1E