Skip to the content

لە کابینەی نۆیەم و سەرەڕاى قەیرانى دارایی ٤٢ قوتابخانە دروست کراون

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٢/٥/٢٠٢١ى زایینى، د.ئالان حەمەسەعید ساڵح وەزیری پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان و بە ئامادەبوونی قایمقامی مێرگەسۆر و بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر و بەڕێوەبەرى پەروەردەی مێرگەسۆر و ژمارەیەك لە پەروەردەكاران، قوتابخانەی گوندی هەڤندکای بنەڕەتی تێکەڵاوی لە قەزای مێرگەسۆر کردەوە کە لەلایەن دەزگای ڕوانگەوه‌ دروست کراوە.
كردنه‌وه‌ی ئه‌م قوتابخانه‌یه‌ ده‌كه‌وێته‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و كار و خزمه‌تانه‌ی كه‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ پێشكه‌شی قوتابیانی ده‌كات وه‌ك چۆن له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا وه‌زاره‌ت چه‌ندین قوتابخانه‌ی نۆژهەن كرده‌وەتەوە‌ و پێداویستی و كه‌لوپه‌لی بۆ دابین كردوون.
لە وتەیەکیدا وەزیرى پەروەردە باسى لەوە کرد کە ئێستا کاریگەریی کۆرۆنا لەسەر کەرتی پەروەردە و فێرکردن بەراورد بە رابردوو کەمتر بووەتەوە، هەروەها ژمارەی قوتابخانە داخراوەکان لە جیهان و دابڕانی قوتابیان لەنێو ناوەندەکانی خوێندن بەراورد بە ساڵی رابردوو کەمتر بووەتەوە.
ئالان حەمەسەعید گوتیشی "لە دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ٤٢ قوتابخانە جیا لەم قوتابخانەیە کەوتوونەتە بواری خزمەتکردن کە بەشێکیان پڕۆژەی تەواونەکراو بوون و حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی کردن و بەشێکیشیان بە هاندانی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواو کران و بەشێکی تریان لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان تەواوکران، بەشی چوارەمیشیان لەلایەن ڕێکخراوەکان، کۆمپانیاکان و وەبەرهێنەرانی کوردستان بووە کە بە خۆبەخشانە ئەم کارەیان کردووە و پێشکەشی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە.
شایەنى باسە قوتابخانەی گوندی هەڤندکای بنەڕەتی تێکەڵاو، لەلایەن دەزگای ڕوانگە و بە تێچووی زیاتر لە ٣٣٠ هەزار دۆلار دروست کراوە و لە ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا ئەمە دووەمین قوتابخانەیە لە سنووری قەزای مێرگەسۆر دروستی دەکات و هەروەها زیاتر لە ١٠٠ قوتابخانەشی نۆژەن کردووەتەوە.