Skip to the content

قوتابیانی هەرێمی کوردستان یادی ڕۆژی ئاڵای کوردستانیان کردەوە

هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD) - ڕۆژی شەممە، ڕێكەوتی ۱۷ی کانوونی یەکەمی ٢۰۲۲، ناوەندە پەروەردەییەکانی هەرێمی کوردستان یادی ڕۆژی ئاڵای کوردستانیان کردەوە و بە بۆنە و مەراسیمی جۆراوجۆر لە دەوری ئاڵای کوردستان کۆبوونەوە.

ئالان حەمەسەعید ساڵح، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەو بۆنەیەدا، بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی پەروەردەی هەولێر، لە هەریەک لە قوتابخانەی دیاری بنەڕەتی تێکەڵاو و باخچەی منداڵانی شۆخان لە هەولێر، بەشداری لەو یادەدا کرد.

پاش سروودی نیشتیمانیی ئەی ڕەقیب لەلایەن قوتابیانی قوتابخانەکەوە، چالاکیی قوتابخانەکانی پەروەردەی ناوەندیی هەولێر بەڕێوەچوون، پاشان وەزیری پەروەردە گوتەیەكی تایبەت بەم یادەی پێشكەش بە ئامادەبووان کرد و جەختی لە گرنگیی ئەو بۆنە و یادە نیشتمانییانە بۆ قوتابیان کردەوە.

شایەنی باسە لە ڕێکەوتی ١٩ی ٦ی ٢٠٠٤، پەرلەمانی کوردستان بڕیاری ژمارە ٤٨ دەرکرد؛ بەپێی ئەو بڕیارە، ڕۆژی ١٧ی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێک بە ڕۆژی بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و ڕێزگرتن و یادکردنەوەی دادەنریت و ساڵانە ڕێزی لێ دەگیرێت.