Skip to the content

یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی پەروەردە و ڕێکخراوی جەیمس ئەنجام درا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-  وەک درێژەپێدان و جێبەجێکردنی کارنامەی  سەردانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی بەریتانیا لە مانگی نیسانی ٢٠٢٢  و پاشان سەردانی شاندی وەزارەت بۆ وڵاتی بەریتانیا لە مانگی ئایاری ٢٠٢٢ و دیداری لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، ڕۆژی  یەکشەممە ڕێكه‌وتى ٣ی تەممووزی٢٠٢٢"ئالان حەمەسەعید ساڵح"وه‌زيرى په‌روه‌رده‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، بە ئامادەبوونى (سەفین دزەیى) بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە، بە یاوەری ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانانى پەروەردەیى، پێشوازیی کرد لە (دەیڤد ھەنت) کونسوڵى گشتی بەریتانیا و شاندێکی یاوەری لە هەرێمی کوردستان.
 لە دیدارێکدا  باس لە پتەوکردنی پەیوەندی نێوان ھەردوولا کرا، دواتر ڕێککەوتننامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی پەروەردە و ڕێکخراوی جەیمس بە ھەماھەنگی لەگەڵ قوتابخانەی کامبریدج، واژۆ کرا، ناوەرۆکی ڕێککەوتننامەکە پێکھاتووە لە چەند بابەتێک لەوانە ئەنجامدانی ڕاھێنان بۆ ٥٠٠ مامۆستا لە پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا پێدانی (٤) سکۆڵەرشیپ لە زانکۆی لەندەن بۆ مامۆستایانی ھەرێم بۆ بەدەستھێنانی ماستەر لەو بوارانەی کە وەزارەت پێویستی پێیەتی و ھەروەھا دانانی چەند پرۆگرامێک لە لایەن institute of education  بۆ پلاتفۆرمی E-parwarda  بۆ زیاتر دەوڵەمەندکردنی پلاتفۆرمەکە، ھەروەھا دانانی پڕۆگرامێک بۆ پێدانی مۆڵەتی وانە وتنەوە بە مامۆستایان لەلایەن زانکۆی لەندەن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی وانە وتنەوە لە قوتابخانەکانی ھەرێم.