Skip to the content

بەسەرپەرشتی وەزیری كارەبا وێستگەی 300 مێگاواتی هەڵمی خەبات بەتەواویی توانای خۆیەوە دەستی بەبەرهەمهێنان كرد

ئێوارەی ئەمڕۆ ئەندازیار كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا سەرپەرشتی ئیشپێكردنی یەكەی دووەمی وێستگەی 300 مێگاواتی هەڵمی خەباتی كردوو بەسەركەوتوویی توانرا وێستگەكە بەتەواویی توانای خۆیەوە بەكاربخرێت، بەمەش ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا لەهەرێمی كوردستان گەیشتە 3400 بۆ 3500 مێگاوات، بەم بڕە كارەبایەش توانرا بەتێكڕا 20-21 كاتژمێر كارەبا بدرێت بەهاوڵاتیان، وەزیری كارەبا وێڕای دەستخۆشی لە ستافی لێژنەی سەرپەرشتیاری پرۆژەكە داواشی لێكردن بەهەماهەنگی لەگەڵ تیمی ئیشپێكردنی وێستگەكە و سەرجەم فەرمانبەرانی ئیشكگر لە كۆنترۆڵ و وێستگەكان و چاكسازییەكان هەمووان پێكەوە پارێزگاری لەم دەستكەوتە بكەن و كارەبای پێویست بدەنە هاونیشتمانیان.
رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە14ی مانگی رابردووی تەموزدا لەمەراسیمێكدا وێستگەی 300 مێگاواتی هەڵمی خەباتی كردەوە و لەقۆناغی یەكەمدا بەتوانای 150 مێگاوات وێستگەكە كاری كرد. ئەم وێستگەیەش جیاوازە لەوێستگەكانی دیكەی كارەبا و بەیەكێك لەپرۆژە گەورەو ستراتیژییەكان دادەنرێت ، كە بۆ یەكەمینجارە لەسەر ئاستی كوردستان بەتەكنەلۆژیایەكی بەرز لەرێگەی نەوتی رەش و گەرمكردنی ئاوەوە وزەی كارەبا بەرهەم دەهێنرێت و لەرووی تێچوونەوە سوودێكی ئابوورییانەی گەورەی هەیە.

لێژنەی سەرپەرشتیاری پرۆژەی
وێستگەی 300 مێگاواتی هەڵمی خەبات