Skip to the content

وەزیری كارەبا پێشوازی لە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی یەک شەممە 2021/2/28 بەمەبەستی هەماهەنگی و پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان وەزارەتی كارەبا و لێژنەی وزەو سامانە سروشتیەكان و پیشەسازیی و بارزگانی، ئەندازیار كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا پێشوازی لە دكتۆر هێمن هەورامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆك و جێگرو بڕیاردەرو ئەندامانی لێژنەی وزەو سامانە سروشتییەكان و پیشەسازی و بازرگانی كرد.
لەكۆبوونەوەیەكدا كە بریكاری وەزارەتی كارەبا و راوێژكارو بەڕێوەبەرانی گشتی كارەبا ئامادەیبوون دكتۆر هێمن هەورامی مەبەستی سەردانەكەی خستەڕوو كە بۆ پتەوكردنی زیاتری پەیوەندییەكانی وەزارەت لەگەڵ لێژنە پەیوەندارەكانی پەرلەمان و بەدواداچوونی كارو پرۆژەكانی وەزارەت و پێداویستیە تەشریعیەكان و ئاراستەكردنی چەند پرسیارێكی تایبەت بوو بە كەرتەكانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەو دابەشكردنی كارەبا.
وەزیری كارەبا وێڕای بەخێرهاتنی شاندی میوان سەردانەكەی جێگری سەرۆكی پەرلەمان و شاندی یاوەری بەرز هەڵسەنگاندوو ئامادەیی وەزارەتی پیشاندا بۆ خستنەڕووی تەواوی داتاو زانیارییەكانی وەزارەت، بۆ ئەم مەبەستەش بەووردی و بەشێوەیەكی شەفاف و روون باسی لە چاكسازیی و ئەو كار و پرۆژانە كرد كە لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا وەزارەت بەپێی ئەو پلان و بەرنامەیەی دایناوە لەسێكتەرە جیاجیاكاندا ئەنجامی داوە، هەروەها بریكاری وەزارەت و بەڕێوەبەرانی گشتی وەزارەت وەڵامی تەواوی پرسیارو بۆچوونەكانی پەرلەمانتارانیان دایەوە.