Skip to the content

لە شارى کۆیە بە بڕى دوو ملیار و ٧٢٨ ملیۆن دینار گۆڕەر بۆ ١٠ وێستگەی كارەبا دانرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگیری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە قەزای كۆیە، ڕێوڕەسمێكی تایبەت بۆ دابینكردنی ١٠ گۆڕەر بۆ ١٠ وێستگەی كارەبا بە بڕی دوو ملیار و ٧٢٨ ملیۆن دینار لە لایەن كۆمپانیایەکەوە بەڕێوە چوو.
لە ڕێورەسمەکەدا كە كەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەباى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ئامادەی بوون، قوباد تاڵەبانی جێگرى سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەدا حكومەتی هەرێمی كوردستان بە هاوكاری كەرتی تایبەت پلانی بۆ نۆژەنكردنەوەی تۆڕەكانی گواستنەوەی كارەبا و پێداچوونەوە بەشێوازی دابەشكردنی كارەبا هەیە، ئەمەش دوای ئەوەی هەرێمی كوردستان كێشەی نەبوونی بەرهەمی نەماوە تەنیا كێشەی كەمكردنەوەی تێچوونی بەرهەمهێنانی كارەبای هەیە بۆ ئەمەش پلان هەیە یەكەكانی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بە غازی سروشتی بەرهەم بهێنرێت.
كەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەباى حکومەتى هەرێم وێڕای سوپاسی بۆ پاڵپشتی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەگرنگترین ئەو دەستكەوتانە كرد كە لەماوەی تەمەنی ئەم كابینەیەدا لەبواری بەرهەمهێنانی كارەبا و گواستنەوەو دابەشكردن هەنگاوی بۆ نراوە و گوتى "تەنیا لەبواری دابەشكردندا زیاتر لە ٤٥٠ پڕۆژە لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان بە بەهای ٦٠ ملیار دینار ئەنجام دراون".
دواتر ئومید خۆشناو پارێزگاری هەولێر، لە وتارێکدا، گوتى: "کۆیە لە چوارچێوەی پلانەکانی پارێزگای هەولێر، تایبەتمەندی خۆی هەیە و بۆ خزمەتکردنی زیاتری ئەو شارەش پێویستمان بە پشتیوانی سەرجەم وەزارەتەکان هەیە، لێرەشەوە سوپاسی جەنابی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆک وەزیران دەکەین کە هەمیشە هاوکاری کارەکانی ئێمە بوونە لە پارێزگای هەولێر و پشتیوانی ئەوانیش بۆتە بەشێکی گرنگ لە خزمەتگەیاندن بە سنووری پارێزگای هەولێر".