Skip to the content

روونكردنەوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵی كارەبای هەرێمەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی شەممە ٢٧⁄ ٣⁄ ٢٠٢١ بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵی كارەبای هەرێم ڕوونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە: لە جەژنی نەورۆز و پشووەكاندا بە سەركەوتوویی بەرنامەی وەزارەتی كارەبا جێبەجێكرا و بە تێكڕا، رۆژانە لە سەرووی 19 كاتژمێرەوە كارەبا بەهاوڵاتیان درا. هەروەكو لە پەیامی جەژنی نەورۆزدا وەزارەتی كارەبا بە هاوڵاتیانی خۆشەویستی راگەیاند؛ كە لە جەژنی نەورۆز و پشووەكانی سەری ساڵی نوێی 2721 كوردی بە پشت بەستن بەبەرهەمهێنانی 3400 مێگاوات كارەبا و لە رێگەی 7000 فەرمانبەری ئیشكگرەوە 18 كاتژمێر كارەبا بە هاوڵاتیان دەدەین، لە ماوەی یەك هەفتەی رابردوودا وەزارەتی كارەبا توانی بە سەركەوتووانە ئەو بەرنامەیەی كە رایگەیاندبوو جێبەجێی بكات و بەتێكڕا لە سەرووی 19 كاتژمێرەوە كارەبا بدات و بەشێوەیەكی رێكوپێك بەسەر پارێزگاکانی كوردستاندا دابەشی بكات، هاوكات تیمەكانی كۆنترۆڵی كارەبا بە پاڵپشتی و هاوكاریی تیمەكانی وێستگەكان و كرێكارانی سیانەكان 24 كاتژمێر لە خزمەتی هاوڵاتیاندا بوون.

بەڕێوەبەرایەتی كۆنترۆڵی كارەبای هەرێم