Skip to the content

هەردوو وەزیری كارەبای هه‌رێم و وزەی توركیا بە ڤیدیۆكۆنفڕانس قسەیان لەسەر ژێرخانى کارەباى هەرێم کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ ٢٠⁄ ٥⁄ ٢٠٢١ كەمال محه‌مه‌د ساڵح وەزیری كارەبای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بە ئامادەبوونی د.ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بە ڤیدیۆكۆنفڕانس لەگەڵ فاتح دۆنماز وەزیری وزەی توركیا گفتوگۆیەکیان ئەنجام دا.
لە گفتوگۆکەیاندا باس لە بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو لا بەتایبەتی لە بواری هاوكاری و پاڵپشتیكردنی پڕۆژەكانی كارەبا و بابەتی تەواوكردنی هێڵی ٤٠٠ كەی.ڤی پاڵەپەستۆی بەرز، کرا.
وەزیری كارەبای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژەی بەوە دا، وەزارەتەکەى بەپاڵپشتی ئەنجومەنی وەزیران هەموو هەوڵێكی خۆی بۆ بونیاتنانی ژێرخانی كارەبای هەرێم بەگەڕ خستووە و هەموو ئامادەییەكی تێدایە بۆ پێشوازیكردنی كۆمپانیاكانی بیانی بەتایبەتی كۆمپانیا توركییه‌كان بۆ ئەوەی لە كەرتی كارەبای هەرێمی كوردستاندا بونیاتنانی ژێرخانی سێكتەرە جیاجیاكانی كارەبا وەبەرهێنان بكەن، لەم پێناوەشدا كار بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییەكانیان دەكەن لەگەڵ وەزارەتی وزەی توركیادا.
وەزیری وزەی توركیا سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی كارەبای كرد و ئومێدی خواست پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وەزارەت بۆ بەهێزكردنی كەرتی كارەبا بەردەوام بێ.