Skip to the content

پڕۆژە کارەباییەکانى حکومەتى هەرێم، کوردستان ڕووناک دەکەنەوە

له‌سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان یه‌كێك له‌و سێكته‌ره‌ گرینگانه‌ی كاری له‌ سه‌ر كراوه‌ كاره‌با بووه‌ ، بۆیه‌ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی گرنگی بە ئاراستەی چاککردنی کەرتی کارەبا هەڵگرتووەو چه‌ندین پرۆژه‌ی جۆراوجۆری له‌سه‌رتاسه‌ری هه‌رێم خستۆته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- به‌ مەبەستی ڕێكخستنی كارەبا و كەمكردنەوەی بارقورسی سەنتەری هەولێر، سێ پرۆژەی کارەبایی ئەنجام دراوە کە بریتین لە وێستگەی کارەبای ئیسکانی نوێ بە تواناى (١١/٣٣ کەی.ڤی) و تێچووی ٤ ملیۆن ٣٧٣ هه‌زار ٥٢٥ دۆلار کە لە لایەن کۆمپانیای بێست جێبەجێ کراوە و گرێدانى وێستگەی کارەبای ئازادی نوێ بە تواناى (١١/٣٣/١٣٢ کەی.ڤی) بە وێستگەی ئیسكانی نوێ بە تواناى (١١/٣٣ کەی.ڤی) بە بڕى ٣ ملیارو ٢٣ ملیۆن و ٤٠٧ هەزار دینار و لەلایەن کۆمپانیای شاندز جێبەجێ کراوە و دەرهێنانی ٥ فیدەری (11 کەی.ڤی) بەتێچوونی ٣٦٧ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینار کە لەلایەن کۆمپانیای پاڵۆز جێبەجێ کراوه لەگەڵ مۆبایلی شەمامک كه‌ بە گوژمەی ملیۆنێک و ٦٥٨ هەزار دۆلار و دەرهێنانی ٥ فیدەر بە گوژمەی ٥٨٨ ملیۆن دینار جێبەجێ کراوە، بەمەش ئەم وێستگەیە ڕۆڵی بەرچاوی دەبێت لە چارەسەركردنی بارقورسى و كێشەی ڤۆڵتییە لە پارێزگای هەولێر.

هەروەها لە درێژەى پڕۆژە خزمەتگوزارییە کارەباییەکان، وێستگەی (١٣٢ کەی.ڤی) ئازادی نوێ کە پڕۆژەیەکی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو بۆ چاککردنی کارەبای هەولێر و پێشتر بەهۆی قەیرانی داراییەوە کارەکانی راوەستابوون، لە ماوەی کەمتر لە ساڵێک لەگەڵ هێڵێکی پاڵەپەستۆی بەرزی (١٣٢ کەی.ڤی) و ڕاکێشانی چەندین فیدەری کارەبای (٣٣ کەی.ڤی و ١١ کەی.ڤی) جێبەجێ کرا.

له‌لایه‌كی ترەوە و بۆ ڕێكخستن و كۆنترۆڵكردنی سیستەمی كارەبا لە باكووری شاری هەولێر و دەوروبەری، پڕۆژەی وێستگەی شاوێس و (١٠ هێڵی ١٣٢ کەی.ڤی) و ١٥ فیدەری (٣٢ کەی.ڤی) و ٢٧ فیدەری (١١ کەی.ڤی ) لە لەلایەن كۆمپانیای زاگرۆس بە گوژمەی ١٥ ملیۆن و ٩١٧ هەزار و ٧٣٨ دۆلار لەماوەی یەك ساڵ جێبەجێ دەکرێت.

لە ناحیەی كەسنەزانیش كه‌ ١٠ كیلۆمه‌تر له‌ سه‌نته‌ری شاری هه‌ولێره‌وه‌ دووره‌، سێ پرۆژە جێبەجێ دەکرێن ئه‌وانیش بریتین لە:

یەکەم: وێستگەی كارەبای كەسنەزان (١١/٣٣/١٣٢ کەی.ڤی) بە تێچوونی ١٠ ملیۆن و ٤٣ هەزار و ٩٧٥ دۆلار و لە لایەن كۆمپانیای (بێست ـ Best) جێبه‌جێ ده‌كرێت و بە ئیشپێكردنیشى، وێستگەكە کێشەی بارقورسى کارەبای سنووری كەسنەزان و بنەسڵاوە و بەشێك لە سەنتەری شاری هەولێر چاره‌ دەکرێت.

دووەم: بەستنەوەی هێڵی پاڵەپەستۆ بەرزی (١٣٢ کەی.ڤی)ى ڕۆژهەڵاتی هەولێر/ تەقتەق بە وێستگەی كەسنەزان لە پارێزگای هەولێر كه‌ لە لایەن كۆمپانیای دڵسۆز بە گوژمەی ٤٦٠ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار دینار جێبەجێ كرا.

سێیەم: دەستپێكردنی پڕۆژەی دەرهێنانی ٥ فیدەری (١١ کەی.ڤی) لە وێستگەی (١٣٢ کەی.ڤی )ى كەسنەزان، بە گوژمەی ملیارێک و ٢٥٠ ملیۆن و ١٤٨ هەزار دینار، لەماوەی ٦٠ رۆژدا لە لایەن كۆمپانیای دڵسۆز جێبەجێ دەكرێت.

چوارەم: پڕۆژەی وێستگەی کارۆئاوی دێرهلوك وێستگەیەکی کارۆئاوییە بە توانای ٣٧ مێگاوات لەسەر زێی گەورە لە شارۆچکەی دێرەلووك لەسەر قەرزی وڵاتی ژاپۆن جێبەجێ دەکرێت و تا ئێستا لە ٧٥%ی کارەکانی تەواو بووە. پڕۆژەکە جگە لەوەی تێچوونی بەرهەمهێنانی کارەبای کەمە و بە ئاو کار دەکات، بە پرۆژەیەکی دۆستی ژینگەش دادەنرێت. بڕیار وایە ئەم وێستگەیە لە کۆتایی ئەمساڵ تەواو بێت و بەمەش جگە لەوەی ئەو بڕە کارەبایەی لێ بەرهەم دەهێنرێت دەخرێتە ناو تۆڕی کارەبای نیشتیمانییەوە بەڵکو چارەسەری کێشەی ڤۆڵتییەش لەم ناوچەیە دەکات. پڕۆژەکە لە بەربەستێکی ئاولادەر و ئاووەرگر و تونێل و کەناڵی ئاو و حەوزی نیشتن و ژووری وزە و دوو یەکەی بەرهەمهێنانی کارەبا و وێستگەیەکی (١٣٢ کەی.ڤی) پێک هاتووە.

پێنجەم: پڕۆژەی سكادا ئەم پرۆژەیە لە رێکەوتی ١٠ى شوباتی ساڵی ٢٠٢١ دەست بە جێبەجێ كردنی کرا. پڕۆژەکە بە هاوکاری رێکخراوی (جایکای ـ JICA)ى ژاپونی و ( USLUEL-USKOM J.V) بەتێچوونی ٥ ملیۆن و ٨ هەزار و ٤٣٢ یۆرۆ جێبەجێ کراوە. پڕۆژەی مینی سکادا ـ ڤویپ رۆڵێکی گرنگی دەبێت بۆ کۆنتروڵ و ئیشپێکردن و چاودێری تۆڕی کارەبای هەرێم و هەروەها گواستنەوەی داتا و زانیاری و پەیوەندیکردن لە نێوان وێستگە سەرەکییەکان و کۆنتڕۆڵی ناوەندی، ئامانجیش لەو پرۆژەیە بەدیجیتاڵکردنی کارەبای هەرێمی کوردستانە.

له‌ گه‌رمیانیش وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی کۆمپانیای (ئەگریکۆ)ی بەریتانییەوە دەستی بە جێبەجێکردنی وێستگەی کارەبای ١٦٥ مێگاواتی گەرمیان کردووە، پڕۆژەکە لە ماوەی شەش مانگ جێبەجێ دەکرێت و ئێستا ٩٠%ی كارەكانی تەواو بووە، بڕی تێچووی پرۆژەکە بە ڕێگەی وەبەرهێنان دروست دەكرێت و وەزارەتی كارەبا تەنیا كارەباكەی دەكڕێت بە ٤.٨ سەنت بۆ یەك كیلۆوات/ سەعات. بەمەش لەكۆتایی مانگی حوزەیران، ١٠٠ مێگاوات كارەبا و لەكۆتایی مانگی تەمووز ١٦٥ مێگاوات كارەبا بەرهەم دەهێنێت، گرنگی ئەو پڕۆژەیە لەوەدایە کە سوود لە غازی کێڵگە نەوتییەکانی گوندی حەسیرە لەسەر قەڵا وەردەگیرێت کە ئێستا بەفیڕۆ دەچێت و سوودی بۆ تەواوی کارەبای هەرێم و بە تایبەتی ناوچەی گەرمیان دەبێت.