Skip to the content

وەزارەتی كارەبا بە گوژمەی ( 2 ملیار و 15 ملیۆن دینار) وێستگەیەكی كارەبای لە دیبەگە كردەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە ژێر چاودێریی ( مەسرور بارزانی ) سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی كارەبا بە گوژمەی (  2 ملیار و 15 ملیۆن دینار) وێستگەیەكی كارەبای لە دیبەگە كردەوە ، لە مەراسیمی كردنەوەی وێستگەكەدا كە كەمال محه‌مه‌د ساڵح وەزیری كارەبا و ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر ئامادەیبوون ، وەزیری كارەبا باسی لە گرنگی ئەم دوو پڕۆژەیە كردو سوپاسی هەردوو كۆمپانیای ( پاڵۆس ) و ( گرشین)كرد كە بەشێوەیەكی سەركەوتوو پڕۆژەكەیان جێبەجێ كردووە. ئەم وێستگەیە لە دابینكردنی وێستگەیەكی كارەبای مۆبایل و ڕاكێشانی فیدەرەكانی كارەبا پێكهاتووە و پڕۆژەكە گرفتی بارزۆری 23 گوندی سنوورەكە چارەسەر دەكات و فیدەرەكانی 5و 6 ی قەزای مەخموری لێ سوودمەند ده‌بێت و دەبێتە هۆی باشتر گەیاندنی خزمەتگوزاریی كارەبا بۆ هاوبەشانی ئەم دەڤەرە.

پارێزگاری هەولێریش سوپاسی وەزارەتی كارەبای كرد كە لەماوەی دوو ساڵدا توانیویه‌تی بە دەیان پڕۆژە و وێستگەی كارەبا لە سەرانسەری پارێزگای هەولێر جێبەجێ بكات و داوای لە هاووڵاتیان كرد هاوكار و پاڵپشتی كار و پڕۆژەكانی وەزارەتی كارەبا بن و كارەبای زیادە بەفیڕۆ نەدەن.

هەر لەمەراسیمەكەدا دانیشتووانی دەشتی كەندێناوە و ناحیەی دیبەگە لە نزیكەوە سوپاسی وەزیری كارەبا و پارێزگاری هەولێریان كردو چەند داواكارییەكی دیكەیان بۆ باشكردنی تۆڕی كارەبا و سیانەكانی ناوچەكەیان ڕادەستی وەزیری كارەبا كردو لەلایەن خۆیەوە ئامادەیی وەزارەتی دەربڕی بۆ پێشكەشكردنی هەموو خزمەتگوزارییەك و جێبەجێكردنی پڕۆژەیەك كە لەدەڤەرە جیاجیاكانی كوردستان دەبێتە هۆی باشكردنی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی كارەبا.