Skip to the content

وەزیری کارەبا: شەش سەرچاوەی بەرهەمهێنانی کارەبامان هەیە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- كەمال محمد صالح وەزیری کارەبا لە سەردانێکدا بۆ پار‌ێزگای دهۆک، دۆخی کارەبای پارێزگاکە و پلانی وەزارەت بۆ زیادکردنی سەرچاوەکانی بەرهەمهێنان و پڕۆژەی پێوەری زیرەکی لەگەڵ ماجد سه‌ید صالح و شمعون شلیمون جێگرانی پارێزگار تاوتوێ کرد.
وەزیری کارەبا باسی لە گرنگیدانی کابینەی نۆیەم بە کەرتی کارەبا کرد و گوتی: کار لەسەر چەندین پڕۆژەی ستراتیژی بەرهەمهێنانی کارەبا دەکەین و هەندێکیان لە کۆتایی ئەمساڵ دەکەونە خزمەتی هاووڵاتیان و کاتەکانی پێدانی کارەبا زیاد دەبن و لە کاتی ئێستادا شەش سەرچاوەی بەرهەمهێنانی کارەبامان هەیە و داواشی لە هاووڵاتیان کرد بۆ ئەوەی کە باشتر سوود لە کارەبا وەربگرن، بە شێوەیەکی ئابوورییانە کارەبا بەکار بێنن.
بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی کارەبا و بەڕێوەبەری ‌گشتیی کارەبای دهۆک لەم سەردانەدا یاوەری وەزیری کارەبا بوون.
جێگرانی پارێزگاری دهۆک ستایشی هەوڵ و تەقەلای وەزیری کارەبایان کرد بۆ ڕاکێشانی بۆڕیی گاز بۆ وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای کواشێ و زیادکردنی سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و پشتگیریی خۆشیان بۆ پلانەکانی وەزارەتی کارەبا، بەتایبەتی پڕۆژەی پێوەری زیرەک لە پارێزگاکەیان دەربڕی.