Skip to the content

پڕۆژەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر له‌ شاری هه‌ولێر كرایه‌وه‌

هەولێر، هەرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD)- کەمال محمد ساڵح وەزیری کارەبا بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، پڕۆژەی بەرهەمهێنانی کارەبای بە وزەی خۆر لە قوتابخانەی نێودەوڵەتیی کامبرێج لە هەولێر کردەوە.
 
وەزیری کارەبا لە لێدوانێکدا گوتی: ئەم پڕۆژەیە بە توانای بەرهەمهێنانی ٢٠٠ کیلۆوات و ١٥٠ کیلۆوات پاتری جێبەجێ کراوە  و ٦٠٠ پانێل لە خۆ دەگرێت و لە لایەن کۆمپانیای SMD ئەڵمانی دروستکراوە.
 
وەزیری کارەبا سەبارەت بە یاسای نوێی وەزارەت وتی: لە بڕگەیەکی یاساکەدا کڕینەوەی ئەو کارەبایەی تێیدایە کە بە وزەی خۆر بەرهەم دەهێنرێن و سوود لە تیشکی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا وەردەگرن. پێداگیریشی لەسەر جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژەی هاوشێوەی کرد کە کارەبا بە  وزەی خۆر بەرهەم دێنن.