Skip to the content

ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی کارەباوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- پەرلەمانتارێکی پێشوو لە بەرنامەیەکدا، بە مەبەستی بە لاڕێدا بردنی ڕای گشتی لەبارەی کێشەی مووچە؛ بابەتی بە مەقاصەکردنی کرێی کارەبای کارگەی چیمەنتۆی ماس بۆ جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکی کارەبا کردووەتە بیانوو، بە بێ ئەوەی کە ئاگاداری بابەتەکە بێت. 
وەزارەتی کارەبا لە ساڵی2021 لەسەر داوای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی و داواکاری پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە و، بە ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران، مەقاصەکردنی کرێی کارەبای کارگەی چیمەنتۆی ئاسنی ماس، بۆ جێبەجێکردنی سێ پڕۆژەی کارەبا لە پارێزگای سلێمانی بەکار هێناوە. 
بەستنەوەی ئەم بابەتە کە ساڵێک زیاتری بەسەردا تێپەڕیوە، لەگەڵ کێشەی ئەم چەند مانگەی نەمانی پارە لە بانکەکانی سلێمانی، ئەو پەڕی نەزانینە لە بابەتی مەقاصەکردن، یان بۆ بەلاڕێدا بردنی ڕای گشتییە لە کاروبارێکی ئیداریی و یاسایی  کە لە خزمەتی بونیاتنانی ژێرخانی کارەبایە بۆ هەمان پارێزگاکان.
ئەم سێ پڕۆژەیەش کە بە پارەی مەقاصەی کرێی کارەبا جێبەجێ دەکرێن، لە 73% کارەکانیان تەواو بوونە و ئەمساڵ دەکەونە کار.