Skip to the content

وەزیری کارەبا و باڵیۆزی ئیسپانیا تاوتوێی ڕه‌وشی كاره‌بایان له‌ هه‌رێم كرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 23ی شوباتی 2022 ئه‌ندازیار كه‌مال محه‌مه‌د ساڵح وەزیری کارەبا پێشوازی لە پیدرۆ مارتینێز باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق و مەی ئابراین کونسوڵی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان كرد.
لە دیدارێکدا کەمال محمد ساڵح دوای به‌خێرهاتنی وه‌فدی میوان كورته‌یه‌ك باسی كارو پڕۆژه‌و پلانه‌كانی وه‌زاره‌تی كرد و ڕایگه‌یاند یه‌كێك له‌ ستراتیژیه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان  و كابینه‌ی نۆیه‌م بایه‌خدانی ئه‌م سێكته‌رانه‌یه‌ كه‌ تایبه‌تن به‌ خزمه‌تگوزاری هاووڵاتیان له‌ نێویاندا كاره‌بای نیشتیمانی له‌ كاره‌ له‌ پێشینه‌كانی حكومه‌ته‌،   داوای لە باڵیۆزی ئیسپانیا لەعێراق کرد کار بۆ به‌رهه‌مهێنانی کۆمپانیاکانی وڵاتەکەیان بکەن بۆ هەرێمی کوردستان تاوەکو وەبەرهێنان لە سێکتەرەکانی کارەبا بکەن بە تایبەتی لە بواری وزە نوێبووەکان.
لای خۆیەوە پیدرۆ مارتینێز باڵیۆزی ئیسپانیا سوپاسی وه‌زیری كاره‌با و ستافی وه‌زاره‌تی كرد و ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ی خسته‌ڕوو ئاماده‌ی وڵاته‌كه‌ی نیشاندا له‌ ڕێگه‌ی كۆمپانیاكانه‌وه‌ هاوكاری وه‌زاره‌تی كاره‌با بكه‌ن له‌ بواره‌كانی به‌رهه‌مهێنان و گواستنه‌وه‌ و دابه‌شكردنی كاره‌با به‌تایبه‌تی له‌ بواری وزه‌ نوێبووه‌كان.