Skip to the content

وەزیری کارەبا کار بۆ چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکانی کارەبای چەمچەماڵ دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-کەمال محمد ساڵح، وەزیری کارەبا بۆ جێبەجێکردنی داواکاریی خەڵکی چەمچەماڵ لەگەڵ قایمقام و نوێنەرانی خەڵکی قەزاکە کۆبۆوه‌.
وەزیری کارەبا، داواکاریی خەڵکی چەمچەماڵی بە هەر (9) ناحیەکانی و (435) گوندەکەی بە مافێکی ڕەوا و ئاسایی دانا و، بە ئەرکی سەرشانی خۆی زانی بە پێی تواناکانی وەزارەت خزمەتی خەڵکەکەی بکات، کە بەداخەوە بە هۆی سەرماوە خواست لەسەر کارەبا بەرز بووەتەوە و لە ئەنجامدا ماوەکانی پێدانی کارەبا کەم بووەوە. 
لە کۆبوونەوەکەدا، ئەم بڕیارانەی خوارەوە دران:
- بە مەبەستی چارەسەرکردنی گرفتی تەکنیکی دابەشکردن و گواستنەوەی کارەبا، شاندێکی باڵای وەزارەت سەردانی قەزای چەمچەماڵ دەکات.
- کار بۆ دابینکردنی 3 وێستگەی مۆبایل کارەبا بۆ ناحیەکانی چەمچەماڵ دەکرێت، کە کێشەی بارزۆریی کارەبایان هەیە.
- گرفتی هێڵ و فیدەرەکانی کارەبای قەزاکە چارەسەر دەکرێن.
- وێستگەی 132 کەی ڤی لە چەمچەماڵ دەخرێتە کار.
- ئەو شوێن و ئاوەدانیانەی کە کارەبای نیشتمانیان نییە، دەرخستەیان بۆ دەکرێت.
قایمقامی چەمچەماڵ، هەوڵە مەیدانییەکانی وەزارەتی کارەبا بۆ دانانی 3 وێستگەی مۆبایلی کارەبا و وێستگەی 132 کەی ڤی و دانانی وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی 25 مێگاواتی کارەبا بە وزەی خۆر و چارەسەرکردنی گرفتی ئەو گوندانەی کە کارەبای نیشتمانییان نییە، به‌رز نرخاند.