Skip to the content

لە چەند ناوچەیەکی گوندنشین و کشتوکاڵیی هەولێر کارەبای وزەی خۆر خرایەگەڕ

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)-ڕۆژی یەکشەممە، ٢٧ی تشرینی دووه‌م ی ٢٠٢٢، له‌ هۆتێل دیده‌مان له‌ شاری هه‌ولێر پڕۆژەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر بۆ ٤٠ بیری کشتوکاڵی و پێنج بیری ئاوی خواردنەوە بۆ ناوچە گوندنشینەکانی پارێزگای هەولێر لە مەراسیمێکدا بەڕێوەچوو.

هه‌ریه‌كه‌ له‌ حوسێن حەمە قادر، راوێژکاری وەزارەتی کارەبا و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر به‌شداربوون.

لە گوتەیەکدا پارێزگاری هەولێر پڕۆژەکەی بەرز نرخاند کە بە گوژمەی دوو ملیۆن دۆلار بۆ هەندێ گوند و پڕۆژەی کشتوکاڵی جێبەجێکراوە.

بەرپرسی ڕێکخراوی UNDP بەڵێنی دا لە هەرێمی کوردستان پڕۆژەی زیاتری هاوشێوە جێبەجێ بکەن.

عەبدولرحمان سدیق، سه‌رۆكی دەستەی ژینگە پێشوازی لەم جۆرە پرۆژانە کرد کە دۆستی ژینگەن و ڕۆڵیان دەبێت لە کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە، بەڵام ئاماژەی بەوەش دا گرنگە ئەم بوارە کۆنترۆڵ بکرێت و ڕێگا نەدرێت جۆری پاتریی خراپ و کوالێتیی نزم بێتە وڵاتەکەمان.

یاسین ئەبوبەکر ماوەتی، بەرێوەبەری کۆمپانیای بلو ڕەی ئێنرجی، باسی لە گرنگیی پڕۆژەکە کرد کە ئابوورییانەیە و وزەیەکی پاک و بەردەوامی هەیە.

شایانی باسه‌ وه‌زاره‌تی كاره‌با له‌ هه‌وڵی به‌رده‌وامدایه‌ گه‌شه‌ به‌ به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له‌ ڕێگای وزه‌ی خۆرەوە بدات و بۆ ئەو مەبەستەش دەیەوێت لە چەندین ناوچەدا ئەزموونەکە تاقیبکاتەوە.