Skip to the content

چەند پڕۆژەیەکی گرنگی کارەبا لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەرین لە جێبەجێکرندان

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- رۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، ئەندازیار کەمال محمد ساڵح وەزیری کارەبا، بە یاوەری بەرێوەبەرانی دابەشکردنی کارەبا و دیوانی وەزارەت، سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرینی کرد و لەلایەن هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارە و بەرپرسانی ئەو دەڤەرە، پێشوازی لێ کرا.

لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەکە، تاووتوێی دۆخی کارەبای ناوچەکە و کێشە و گرفتەکانی کەرتی کارەبا کرا.

وەزیری کارەبا، بە ئاماژەدان بە پڕۆژەکانی کارەبا لە دەڤەری ڕاپەڕین، گوتی، "شۆڕکردنەوەی دەسەڵات و دامەزراندنی بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای ڕاپەڕین، کارئاسانییەکە بۆ باشتر خزمەتکردنی هاووڵاتیان و ڕاپەڕاندنی کاروبارەکانیان و ئێمە لە ستافی وەزارەت، لە بەرنامەماندایە کار بۆ باشترکردنی سێکتەری کارەبا بکەین، لە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و بەبێ جیاوازی."

لەبەرامبەردا، هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئێدارەی راپەرین، سوپاسی وەزیری کارەبای کرد که ئەمە دووەم جارە سەردانی دەڤەرەکەیان دەکات و دڵسۆزانە لە خەمی باشترکردن و چارەسەری گرفتەکانی کارەبادایە.

پڕۆژەی بەرهەمهێنانی کارەبا و راکێشانی هێڵی ١٣٢ کەیڤی
لە گەورەترین پڕۆژەکانی کارەبای راپەڕینن کە ٧٣ پڕۆژە بە بەهای پێنج ملیار دینار تەنیا لە کەرتی دابەشکردن جێبەجێکراون.
٢٥ گوندی ناوچەکە کارەبایان بۆ ڕاکێشراوە و لە کۆتاییەکانی مانگی داهاتووشدا پڕۆژەی هێڵی ١٣٢ کەیڤی تەواو دەبێت کە ١٠٥ کیلۆمەتری لە ناوچە شاخاوییەکان هەڵکەوتووە.