Skip to the content

وەزارەتی کارەبا: ساڵی ڕابردوو چەندین یەکەی نوێی بەرهەمهێنانی کارەبا دامەزرێندراون

هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD)- بە مەبەستی چارەسەر کردنی کێشەی کەمی کارەبا و زیادکردنی بڕی کارەبای بەرهەمهێنراو، لە ساڵی رابردوودا وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین یەکەی نوێی بەرهەمهێنانی کارەبای دامەزراندووە، ئەوەش وێڕای ئەوەی کە بەهۆی چاكسازیی لەم سێكتەرە، توانیویەتی ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا زیاد بكات.

پێشڕەو نووری، بەڕێوەبەری گشتی بەرهەمهێنانی كارەبا لە وەزارەتی كارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە هەنگاوەكانی چاكسازیی و سیانەكردن و جێبەجێكردنی پرۆژەی نوێ بۆ بەرهەمهێنانی كارەبای لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢ کرد.

بە گوتەی بەڕێوەبەری بەرهەمهێنانی کارەبای وەزارەتی کارەبا لە ساڵی رابردوودا دوو یەکە لە وێستگەى بازیان بە تواناى ٥٠٠ مێگاوات دامەزراوە لە ئێستاشدا ٩٥%ی کارەکانى تەواو بووە.

پێشڕەو نووری راشیگەیاند:'' یەکێکی دیکە لە کارەکان دەستكردنە بە دامەزراندنى (combine cycle ) لە وێستگەى بازیان بە تواناى ٢٥٠ مێگاوات کارەبا کە لەو وێستگەیە سوود لە گەرمى دەرچوو لە گزۆزەکانى تۆرباینەکانى ترى وێستگە لە کاتى ئیشکردن وەر دەگیرێت.''

ئاماژەشی بەوەدا کە بە هەمان شێوەی وێستگەی بازیان لە وێستگەی گازی خۆرمەڵەش دەستکراوە بە کارەکانى دیزاین و ڕووپێوکردن لە وێستگەى گازى خورمەڵە بۆ دامەزراندنى (combine cycle ) بە تواناى ٥٠٠ مێگاوات کە ئەویش بە سوود وەرگرتن لە گەرمى دەرچوو لە گزۆزەکانى تۆڕباینەکانى ترى وێستگە لەکاتى ئیشکردن.

لە هەنگاوێکی دیکەی وەزارەتی کارەبادا بۆ زیاتر کردنی بەرهەمی کارەباو دوای ئەوەی کە ئەنجامدانی گرێبەست، دەستکرا بە کارەکانى ئامادەکارى و دیراسەکردن و کۆکردنەوەى داتاو زانیارى پێویست بۆ دامەزراندنى ٣ وێستگەى بەرهەم لە رێگاى وزەى خۆر بە تواناى ٢٥ مێگاوات کارەبا بۆ هەر یەکێکیان کە ٢ وێستگەیان دەکەونە پارێزگاى هەولێر و وێستگەیەکیشان دەکەوێتە پارێزگاى دهۆک.

بەڕێوەبەری گشتی بەرهەمهێنانی كارەبا راشیگەیاند:'' هەر لە ساڵی رابردوودا کارەکانى دامەزراندنى گەورەترین وێستگەى وزەى خۆر لە سەر ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستان لە ناو زانکۆى دهۆک تەواو کرا بە تواناى ٢ مێگاوات لە ڕۆژى ٢١ کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ دەستى بە بەرهەمهێنان کرد، کە پێکهاتووە لە ٣ هەزار و٧٨٢ پەنەڵى وزەى خۆر لە سەر رووبەرى ٢٠ هەزار و ٤٠٠ مەتر دووجا.''

پێشڕەو نووری راشیگەیاند:''هاوتەریب لەگەڵ وێستگەکانى وزەى خۆر و بە مەبەستى زیادکردنى ئاستى بەرهەمهێنانى کارەبا له سەرچاوەکانى وزەى خاوێن گرێبەست کرا بۆ دامەزراندنى ٤ وێستگە کە ناسراون بە (Kinetic power Plant) لە هەر ٤ ئیدارە سەربەخۆکانى هەرێمى کوردستان کە لە ئیدارەى سەربەخۆى سۆران ١٠٠ مێگاوات کارەبا و لە ئیدارەى سەربەخۆى زاخۆ ١٠٠ مێگاوات و لە ئیدارەى سەربەخۆى ڕاپەرین٥٠ مێگاوات کارەبا و لە ئیداەرى سەربەخۆى گەرمیان ٥٠ مێگاوات کارەبە بەرهەم دەهێنرێت.''

بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتی بەرهەمهێنانی كارەبا لە ئێستادا زەوی پێویست لە هەر چوار شوێن رادەستى کۆمپانیاى وەبەرهێنان کراوە، ئیستا لە قۆناغى دیزاین و ئامادەکارییە بۆ ده ستکردن بە جێبەجێ کردنى پرۆژەکان.

لە هەمان کاتدا ٤ وێستگەی دیکەی بەرهەمهێنانی کارەبا کە وەستابوون و کاریان نەدەکرد نۆژەنکراونەتەوە و دووبارە بە سووتەمەنییەکى زۆر هەرزان کارە دەکەن بە جۆرێک کە تێچووى بەرهەم هێنان بە شێوەیەکى بەرچاو کەمى کردووە، وێستگەکانیش بریتین لە وێستگەى٥١ مێگاواتى تاسڵوجە، وێستگەى ٢٩ مێگاواتى هەولێر، وێستگەى ٢٩ مێگاواتى سلێمانى و وێستگەى ٢٩مێگاواتى دهۆک کە لە ٩٠%ی کارەکانیان تەواوبووە.

پێشڕەو نووری، ئاماژەش بەوە دەکات کە لە ئێستادا ٩٥%ی کارەکانى پرۆژەى هایدرۆپاوەرى دێرەلوک تەواو بووە لە بەرنامەدایە کە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکى کەرتى تایبەت بکرێت بە مەبەستى ئیشپێکردن و سیانەکردنی بۆ ماوەى ٧ ساڵ کە لە پلاندایە دواى تەواوبوونى کارەکانى وێستگە دەست بەکاربن بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا.

یەکێکی دیکە لە کارەکانی وەزارەتی کارەبا بە سوود وەرگرتن بوو لە گازى بە فیرۆچووى بیرە نەوتەکان و بۆ ئەوەش گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکى وەبەرهێنان کرا بۆ دروستکردنى وێستگەیەکى بەرهەمهێنانى کارەبا بە تواناى ١٠٠ مێگاوات کارەبا لە قۆناغى یەکەم و، دواتر زیادکرنى تواناى بەرهەمهێنان بۆ ٣٠٠ مێگاوات بە پێی ئەو غازەى بەردەست دەبێت.

بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتی بەرهەمهێنانی كارەبا، وەزاەتەکەیان بەردەوام کاری سیانە کردنی بۆ هەردوو وێستگەی کارۆ ئاوی دووکان و دەربەندیخان ئەنجام داوە و لە ئێستادا لە وێستگەی کارۆ ئاوی دووکان لە ئیستادا لە کۆى ٥ یەکە ٤ یەکەیان ئامادەیە بۆ بەرهەمهێنان، بەڵام لەبەر کەمى ئاستى ئاو و کەمى باران تواناى بەرهەمهێنان سنووردار کراوە، بە جۆرێک کە گونجاو بێت لەگەڵ بڕی ئاوى ڕۆیشتوو لە بەنداوى دوکان.

هەروەها لە وێستگەى دەربەندیخان دریژە بە کارەکان سیانە دراوە لە لایەن ئەندازیاران و تەکنیکارانى ئەم وێستگەیە بە جۆرێک کە لە ئێستادا لە کۆى ٣ یەکە ٢ یەکەیان ئامادەیە بۆ بەرهەمهێنان، بەڵام بەهەمان هۆکارى کەمى ئاست ئاو تواناى بەرهەم سنوور دار کراوە.