Skip to the content

ئەمڕۆ گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر لە هەرێمی کوردستان و عێراق داده‌نرێت

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٨ـی ئایاری ٢٠٢٣، بەردی بناغەی وێستگەیەکی نوێی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر دادەنرێت و وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "دەبێتە گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر لە هەرێمی کوردستان و عێراق".

توانای بەرهەمهێنانی ئەو وێستگەیە ٢٥ مێگاوات کارەبایە و ژمارەیەکی زۆر پەنەڵ لەخۆ دەگرێت و دەکەوێتە گوندی منارەی دەوروبەری هەولێر. وێستگەکە ژینگەدۆستە و ئەو کارەبایەی بەرهەمی دەهێنێت، بە تۆڕی کارەبای نیشتمانی دەبەسترێتەوە.

ئێستا ٢٠٪ بۆ ٣٠٪ـی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان لە وزەی خۆرە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەیەوێت ڕێژەکەی بەرزتر بکاتەوە؛ بۆ ئەو مەبەستەش پڕۆژەی هاوشێوە جێبەجێ دەکات.

گوژمەی پڕۆژەکە ١٠٠ ملیۆن دۆلارە و ڕووبەرەکەی ٥٩٠ دۆنم زەوییە و لە ماوەی ساڵێکدا کارەکانی تەواو دەکرێت و هەوڵ دەدەن بە زوویی دروست بکرێت.

لە هەرێمی کوردستان دوو وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە خۆر هەیە، کە توانای بەرهەمهێنانی ٣ مێگاوات کارەبایان هەیە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە حکومەت بڕیاری داوە وێستەگەیەکی بەرهەمهێانی کارەبا بە گوژمەی ٢٣٥ ملیار دینار و توانای بەرهەمهێنانی ١٠٠ مێگاوات کارەبا لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دروست بکات.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ماوەی تەمەنیدا چەندین هەنگاوی گەورەی بۆ پاراستنی ژینگە و کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنیەکانی وزەی سووتێنەری وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا هەڵگرتووە.