Skip to the content

بڵاوکراوەکان

 

هۆشیاری

10. مەترسییەکانى کارەباو خۆپاراستن لەکارکردندا:

کارەبا یەکێکە لەتەکنەلۆژیاى سەردەم ، بەسەرچاوە سەرەکییەکانى ئادەمیزاد دادەنرێت لەسەرەتاى دامەزراندنییەوە تاکو ئەمڕۆ قۆناغ لەدواى قۆناغ گۆڕانى بەخۆوە دیوەو ڕۆڵى کاریگەرى خۆشى دەگێڕێت ، چ لەرووى پیشەسازى و بازرگانییەوە یاخود ڕێگاکانى وەبەرهێنانى تەزووى کارەباو دروستبوونى وزەى کارەباوە بێت ، دواتریش لەڕێگاى پێداویستییەکانى گەیاندنەوە ، هەموو ئەمانە پێیان دەوترێت وەبەرهێنان و دابەشکردنى وزەى کارەبا ، ئامانجى کۆتاییش بۆ رووناککردنەوەى ژیانە لەهەموو ئەو تاریکییەى سروشت ، بەڵام ئەوەى جێى باسکردنى منە لەسەرچاوە سەرەکییەکانى رەهەندێى کارەبا ، خۆپاراستن و سەلامەتى مرۆڤ و ئامێرە کارەباییەکانە ، لەمەترسى بەکارهێنانى تەزووى کارەبا لەلایەن کارمەندانى کارەباوە ، ئەویش لەڕێگاى چاککردنەوەى هێڵەکانى کارەباو چاکسازى کارەبا ، ئەگەر شارەزاییەکى باش و باکگراوندێکى چاکیان نەبێت لەسەر تەزووى کارەبا ، سەرەنجام دەبێتە هۆى گیان لەدەستدان و کەمئەندامبوون و زیانى دیکە ، بەڵام هەموو ئەمانە چارەسەرو ڕێگاى سەلامەتییان هەیە ، بۆ خۆلادان و پاراستن و دڵنیاکردنەوەى ئێمە لەسەر ئەم ڕەهەندە ..گەر سەرنج لەشێوازى کارکردن لە فەرمانگەکانى کارەبا لە وڵاتە پێشکەوتووەکان بدەین ئەبینین وشەى سەلامەتى(Safety)لەسەرەتاى کارو نەخشەو پلان و کەتەلۆکەکانیانەوەیە، چونکە هیچ کارێک بە راستودروست هەژمار ناکرێت تاوەکو لە رووى سەلامەتییەوە تەواو دروست نەبێت و، دوور نەبێت لە رووداوى کوشندە و بریندارى ، پێویستە حکومەتى هەرێم هەوڵ بدات کە کارمەندانمان سوودمەند ببن لەو ئەزموونە سەرکەوتووەى وڵاتە پێشکەوتووەکان ،هەرچەندە بەشى راهێنان و پەرەپێدان لە بەرێوەبەرایەتى گشتى کارەباى سلێمانى خولى راهێنانى جۆراوجۆر دەکاتەوە بۆ کارمەندان بۆ بەرز کردنەوەى ئاستى هۆشیاریان ، خوازیارم منیش لەم نامیلکەیەدا تیشکێکم خستبێتە سەر ئەو زانستە بەرفراوانەى سەلامەتى و کەلێنێکم پرَکردبێتەوە لە بوارى سەلامەتى، بەو هیوایەى جێگای سوود و رەزامەندیى خوێنەرانى بێت .
خالید شێخ عەبدوڕەحمان قەرەداغى

هەموومان دەزانین کارەبا بنەماى ژیانەو ، هەندێ زانیارى گرنگ هەیە لەسەر یەکەو پێوەرو چەند شتێکى تر لە بارەى تەزووى کارەباوە ، کە لە خوارەوە ڕوونمان کردۆتەوە .
1. تەزووى کارەبا ( Electrical Current ) / بریتییە لە تێپەڕبوونى بارگەى کارەبا لە سووڕە داخراوەکاندا و بە یەکەى ئەمپێر ( Ampere ) دەپێورێت.
2. بەرگرى (Resistance ) / بریتییە لە بەرگریکردنى تەنەکان دژى تێپەڕبوونى تەزووى کارەبا.
3. ڤۆڵت (Voltage ) / یەکەى پێوانەى جیاوازى پەستانى کارەباییە لە نێوان دوو خاڵى بازنەیەکى کراوە وە یان خاڵێک و زەویدا .
4. گەیەنەرەکان (Conductors ) / بریتیین لەو ماددانەى کە بە ئاسانى تەزووى کارەبایان پێیدا تێپەڕ دەبێت و بە باشى کارەبا دەگەیەنن، هەروەک مس و ئاسن و زەردو...
5. نەگەیەنەرەکان ( Insulators ) ئەو ماددانەن کە بەباشى کارەبا ناگەیەنن و بەرگرییەکى زۆردەکەن دژى تێپەڕبوونى وزەى کارەبا پیایاندا ، هەروەک تەختەو شوشەو لاستیک و ...
6. بەزەوى گەیاندن ( Grounding ) بریتییە لە گەیاندنێکى باش بە زەوى ، کە بە هۆیەوە پارێزگارى لە ژیانى کارمەندان دەکات .
7. وێنە ڕێنماییەکانى بە زەوى گەیاندن .

چەند یاسایەکى سەرەکى هەیە لە کارەبادا
1- تەزووى کارەبا بە سووڕێکى داخراودا تێپەڕدەبێت .
2- تەزووى کارەبا هەمیشە بەڕێگایەکدا تێپەڕدەبێت ، کە کەمترین بەرگرى هەبێت .
3- تەزووى کارەبا هەمیشە هەوڵ دەدات ، کە بچێتە ناو زەوییەوە .
چەند زانیارییەکى پێویست لەبابەت تەزووى کارەبا ، کە دەبێتە هۆى گرتن و ئاسەوارەکانى لەسەر ئەو کەسە.
تەزووى کارەبا / مللى ئەمپێر حاڵەتەکان
1 mAmp. هەستکردنێکى کەم بە کارەبا لێدان
5 - 10 mAmp. هەستکردن بە لێدان و ئەگەرى کەوتن
20 - 50 mAmp. لەوانەیە ببێتە هۆى گیان لەدەست دان
60 - 8000 mAmp. ئەگەرێکى زۆرى گیان لەدەستدان