Skip to the content

بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومرە لەگەڵ کۆمپانیاکانی گواستنەوەی عومرەکاران کۆبووەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە ٢٠٢١/٤/١٣ بە سەرپەرشتی عەباس زێباری، بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومرە بە وەکالەت و حاجی ئەکرەم، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی و بە ئامادەبوونی کۆمپانیاکانی تایبەت بە عومرەکاران، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ڕێکخستنەوەی گەشتەکانی عومرە بەڕێوەچوو.

بەڕێوەبەری گشتی حەج و عومرە جەختی لەسەر جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان و گەیاندنی ھۆشیاری تەندروستی و ئاشنابوونی عومرەکاران بە ڕێنماییەکانی عومرە کردەوە و ئامادەیی دەربڕی بۆ ئاسانکاری و ھەماھەنگی زیاتر لەگەڵ کۆمپانیاکان بە مەبەستی ئەنجامدانی گەشتی سەرکەوتوو و بێ مەترسی لەسەر تەندروستی عومرەکاران بەتایبەتی لە ماوەی مانگی رەمەزانی پیرۆزدا، کە داواكاری گەشتی عومرە زۆرترە. ھەروەھا دڵنیایی دا کە جگە لەو کۆمپانیایانەی لە رووی یاساییەوە مامەڵەیان تەواو کردووە، رێگا بە ھیچ کۆمپانیایەکی تر نادرێ گەشت ئەنجام بدات. لە بەرامبەردا کۆمپانیاکانی بەشداربوو وێڕای خستنەڕووی چەند خاڵ و پێشنیازێك بە ئامانجی پێشخستنی ئەنجامدانی پرۆسەی عومرە و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بۆ ھاوڵاتیانی ئازیز، ھەبوونی پەیوەندی بەردەوام لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە بە گرنگيان زانی.

شیاوی ئاماژەیە رۆژی ٢٠٢١/٣/٢١ یەکەمین کاروانی عومرەکاران لە شاری سلێمانییەوە بۆ وڵاتی عەرەبستانی سعوودییە ئەنجام درا، دوای وەستانی بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا.