Skip to the content

قۆناغی کرداریی لەسەر ڕێکخستنەوەی موڵکەکانی وەقف جێ بەجێ دەکرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی چوارشەممە ١٨⁄ ٨⁄ ٢٠٢١ بە ئامادەبوونی د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی ، زیندین مولود بریکاری وەزارەت و پ.ى.د.ديار جبارى به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى ديوان به وه‌كاله‌ت، کۆبوونەوەیەکی فراوان بەڕێوەچوو، سەرەتا زیندین مولود بریکاری وەزارەت تیشكی خستەسەر کاری لیژنەکان و بەڕێوەچوونی کاروبارەکان و ئەو ئاڵنگاریانەی ھاتوونەتە پێش،دواتر ئاماژەیدا بە جددیەتی وەزارەتی ئەوقاف لەبارەی دەستخستنەوەی ھەموو ئەو موڵکانەی زێدەڕۆیان کراوەتە سەر یان داگیرکراون یا بەھەر شێوەیەک لە ژێر دەسەڵاتی یاسایی ئەوقافدا نین ، بریکاری وەزیر رایگەیاند ھەر بەڕێوەبەرێک یا بەرپرس و ھۆبەیەک کەمتەرخەمی لە کارەکەیدا بکات ڕێکاری کارگێڕی بەرامبەر دەگیرێتە بەر، بۆ ئەمەش لەپێناوی بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی وەقفەکان  وەزارەت سیستمی پاداشت و سزا پەیڕەو دەکات، دواتر ئاماژەیدا بەکاری لیژنەکان و جەختی کردەوە لەسەر ڕاپۆرتی کارو ئەو به‌دواداچوونانەی کە کراوە، ھەروەھا دەستنیشانی جۆری ئەو سەرپێچیانەی کە ھەبووە، دواتر پ.ی.د دیار جباری بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی بە وەکالەت وردەکاری پڕۆسەکەی لە ڕووی کارگێڕیەوە خستەڕوو لە گرنگترینیان زیادکردنی داھاتی وەقفە بەپێی دۆخی ئابووری و واقعی، ھەروەھا ئاماژەیدا بە ڕۆڵی کاریگەری وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە پشتیوانیکردنی ڕێکخستنەوەی موڵکەکەکان لە گرنگترینیان دروستکردنی سیستمێکی ئەلیکترۆنی و پۆلێنکردن و ھێنانە پێشەوەی ڕۆڵی یاساو داواکاری گشتی و ڕێکارەکانی تری بەڕێوەبردن.
 لەکۆتاییدا د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەستخۆشی ئاراستەی گرووپ و لیژنە جیاوازەکان کرد کە بەشێوەی مەیدانی کارەکانیان ڕاپەڕاندووە، پشتیوانی خۆشی بۆ کارەکانی لیژنەی تایبەتمەندی وەزارەت لەو بارەیەوە دووپاتکردەوەو ڕایگەیاند
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ناوەستێ تاوەکو سەرجەم  موڵکەکانی دەست دەخاتەوە، هه‌روه‌ها فه‌رمانی كرد به‌ دابینکردنی توانای لۆجستی بۆ کارمەندانی ھۆبەی موڵکەکان، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی جەختی لەسەر ڕۆڵی یاسا کردەوەو ڕایگەیاند دادگاو داواکاری گشتی ھەماھەنگ دەبن بۆ پاراستنی موڵکەکانی وەقف و دەست خستنەوەیان.