Skip to the content

وەزیری ئەوقاف وکاروباری ئایینی پێشوازی لە سەرۆک وجێگرو سەرکردایەتی و بەرپرسی سەرجەم لقەکانی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمرۆ دووشەممە 2021/2/15 د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف وکاروباری ئایینی، بە ئامادەبوونی زین دین مولود بریکاری وەزیر پێشوازیان کرد لەسەرۆک و جێگرو سەرکردایەتی و ئەنجومەنی فەتواو بەرپرسی سەرجەم لقەکانی یەکێتی زانایانی ئایینی لە ھەرێمی کوردستان

لەوتەیەکدا وەزیری ئەوقاف بەخێرھاتنی مامۆستایان و زانایانی بەڕێز کرد و خۆشحاڵی خۆی بەرێکخستنی دیداری زانایان دەربری و رایگەیاند زانایان و مامۆستایانی ئایینی بەرێز بەشێکی سەرەکین لە بەشداريكردني شۆرشەکان و خەباتی مێژووی کوردستان و ھێزێكي مەعنەوی کاریگەر بوون بۆ بەردەوامی دان بە خەباتی پڕ سەرەوەری کوردستان، ھەمیشە کەسایەتی ئایین پەرورەو نیشتیمان پەروەریان پێگەیاندوەو پێشکەشی کوردستانیان کردوە، گوتیشی کارو پرۆژەکانمان تەواو کاری یەکترن، پێکەوەش دەتوانین باشترین خزمەت بەئایین و نیشیتمان بکەین، بۆئەمەش ئێمە دەخوازین پەیوەندیەکانمان بەھێزتر بکەین و ئەو پەیوەندیانەش رەنگدانەوەی ھەبێ لەئاستی بەرێوەبەرايەتی ئەوقاف و لقەکان لەسەرجەم شارو شارۆچکەکان، چونکە دەتوانین خزمەت بەئامانجەکان بکەین ئەویش پەروەردەیەکی ئایینی دروست و برەودانە بە پێکەوەژیانی ئایینی و پێکھاتەکانی کوردستان. دواتر تیشکی خستە سەر چەند پرۆژەیەکی گرنگی وەزارەت تایبەت لەبابەتی خوێندن و خولی بەھێزکردن و بنکەکانی لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز و گرنگی دانی زێتر بە حوجرەکان و پاڵپشتی کردنی خوێندنی باڵاو کۆمەڵێ پرۆژەی تری داھاتوو کەخزمەتی ھەمەلایەنەیە بۆ ھەموولایەک بەتایبەتی مامۆستایان دەستەبەر دەکات

 

دواتر د.عبداللە گرتکی سەرۆکی یەکێتی زانایان سوپاسی پێشوازی گەرمی بەرێز وەزیری ئەوقاف و سەرجەم بەرپرسانی وەزارەت کرد و رایگەیاند ئێمە و وەزارەتی ئەوقاف پێکەوەین وە زۆر پێویستە ھەماھەنگی زێتر بکەین، چونکە دۆخی بەرژەوەندی بۆ خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان وا دەخوازێ و ئامانجی سەرەکی ھەردوولاشمان خزمەت کردنە بە پرۆسەی ئایینی و نیشیتمانی، دواترلەلایەن بەشێک لەمامۆستایان و زانایانی بەڕێزی ئایینی چەند خاڵێک خرانەروو بەتایبەتی لەبابەتی کارگێری و رێنمایەکان و بەھێزتر کردنی پەیوەندیەکان بەمەبەستی بەرەو پێشتر بردن و چوونە نێو قۆناغێکی باشتری کارکردن.