Skip to the content

وەزیری ئەوقاف وکاروباری ئایینی پێشوازی لەشاندێکی باڵای پەرلەمانی کوردستان دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمرۆ سێ شەممە 2021/2/16 د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف وکاروباری ئایینی بەئامادەبوونی زێندین مەولود بریکاری وەزیر، پێشوازی لە شاندێکی باڵای پەرلەمانی کوردستان کرد کەپێکھاتبوون لە د. ھێمن ھەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و مامۆستا ھەورامان گەچێنەیی سەرۆکی لێژنەی ئەوقافی پەرلەمان و ئەندامانی لێژنەی ئەوقافی پەرلەمانی کوردستان.

سەرەتای کۆبوونەوەکە د پشتیوان سادق خۆشحاڵی خۆی بەھاتنی مێوانان دەربڕی و بەخێر ھاتنی شاندی باڵای پەرلەمانی کوردستانی کرد، دواتر ھێمن ھەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان سوپاسی پێشوازی گەرمی کردو بەناوی پەرلەمانی کوردستان سوپاسی تایبەتی ئاراستەی وەزیری ئەوقاف کرد لەبەرامبەر ھەماھەنگی و پەیوەندی بەھێزی لەگەڵ لێژنەی ئەوقافی پەرلەمانی کوردستان رێکخستنی چەندین دیداری ئامانجدار و بەبەرھەم لەرابردوو کە جێگەی پێزانینی پەرلەمانی کوردستانە

دواتر چەند خاڵێکیان خستەروو بە ئامانجی زانینی چۆنیەتی بەرێوەچوونی کاروبارەکان و پرۆژەکانی وەزارەت کە لەم بوارو تەوەرانە پێکهاتبوو:

" جێ بەجێ کردنی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەی پەیوەندیدارە بە وەزارەتی ئەوقاف و جێ بەجێ کردنی یاسای چاکسازی و پرۆژەکانی چاکسازی لەچوارچێوەی پلانی وەزارەت و پێداویستی تەشریعی پرۆژە یاساکان و ئەوەی پێویستە لەم خولەی پەرلەمان جێ بەجێ بکرێت، ھەروەھا سیستمی بە ئەلیکرترۆنی موڵکەکەکان و دروست کردنی مزگەوت حوجرەی فەقێیان و پەیمانگای مامۆستایانی وتار خوێن، گەشت و گوزاری ئایینی و بۆردی وتار و پلانی چوار ساڵەی کارکردن.

دواتر وەزیری ئەوقاف وکاروباری ئایینی بەوردی زانیاری و کار و پرۆژەکانی خستەروو ئەویش ئاماژەدان بە راسپاردەکانی کۆنفرانسی رێکخستنی گوتاری ئایینی ساڵی 2016 کە بنەمایە بۆ کارەکان لەرێکخستنەوەی بواری وتار و حەج و عومرە رێکخستنی موڵکەکان و برەودان بەپێکەوە ژیانی ئایینی، ھەروەھا کردنەوەی پەیمانگای کوردستان بۆ بەھێزکردنی وتارخوێنان و دامەزراندنی پەیمانگایەکی تازە بەھەماھەنگی وەزارەتی خوێندنی باڵا رێنمایی بەرەوپێش بردنی حوجرە و بنکەکانی لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز، ھەروەھا دروست کردنی پرۆژەی دیزاینی نوێی مزگەوت بەمۆرکی کوردەواری و رێکخستنی بواری دەنگ و گرنگیدان بەپەرەپێدانی دەنگ خۆشان و سازدانی کۆنفرانسی حەج و چاکسازی لەبواری موڵکەکان و بەئەلیکترۆنی کردنیان و وەبەرھێنان لەبواری موڵکی وەقفی بەپێ بنەما شەرعی و یاسایەکان، رێکخستنەوەی خۆبەخشانی وتاروخوێن لە چوارچێوەی چەند رێنمایەکی وتارخوێنی و پاڵپشتی بۆ دەست خستنی خوێندنی باڵا و بۆ مامۆستایانی بەڕێز و گرنگیدان بە کەرتی گەشتیاری ئایینی و سەرجەم پێکھاتەکان مەسیحیەکان و ئێزیدیان ئاینەکانی تر

وەزیری ئەوقاف وکاروباری ئایینی ئاماژەی بەپلانی کاری داھاتووی وەزارەت کرد کەسەرجەم پرۆژەکان لەخزمەتی مامۆستایانی ئایینی و ئایین و پێکھاتەکان و برەودانە بە پێکەوەژیانی ئایینی لەھەرێمی کوردستاندا.

لەکۆتاییدا شاندی باڵای پەرلەمانی کوردستان سوپاسی وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیان کرد بۆ خستنەرووی پرۆژەکانیان بەم شێوەیە ھیوایان خواست ئەم ھەماھەنگی و پەیوەندی نێوانیان بەھێزتر بکرێ لەپێناو خزمەت گەیاندن بە ھاوڵاتیانی ئازیز و سەرجەم پێکھاتەکانی کوردستان.