Skip to the content

بە ئامادەبوونی وەزیری ئەوقاف وکاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان مەراسیمی دەرچووانی مۆڵەتی "زانستەکانی قیرائاتی قورئان" بەڕێوەچوو

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی چوارشەممە ٢٠٢١/٣/٣١ د.پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە مەراسیمێکی شایستەدا بڕوانامەی بەخشییە ( ٤٠) قوتابی لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان کە بەشداری خولی "زانستەکانی قیرائەی قورئانیان" کرد، كە بۆ ماوەی چەند ساڵێک بەردەوامی ھەبوو.

وەزیری ئەوقاف لە وتەیەکدا دەستخۆشی لە رێکخەرانی مەراسیمەکە کرد و پیرۆزبایی خۆیی ئاراستەی مامۆستای راھێنەر و ئەو كەسانە کرد کە بە ھەوڵ و کۆشش و ماندووبوونیان توانیویانە بڕوانامەی زانستەکانی قورئانی پیرۆز فێربن، هاوكات ھیوای خواست کە ئەو زانست و زانیارییەی فێری بوون لە خزمەتی پەروەردەی ئایینی و پێگەیاندنی رۆڵەکانی كوردستان بێت لە ژێر سەرپەرشتی وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی، ھەروەھا جەختی لە جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان بۆ پاراستنی گیانی ھاوڵاتیان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا کردەوە و پشتیوانی وەزارەتی ئەوقافی بۆ ھەرھەنگاوێک دەربڕی کە خزمەت بە زانستەکانی قورئانی پیرۆز و بنەما شەرعییەکان بکات

شیاوی ئاماژەیە خولەکە بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتی فێرکردن و لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز و لەسەر دەستی مامۆستای پسپۆر سالم محەمەد علی كۆچەر خوێندراویەوە و بۆ ماوەی چەند ساڵێک بەردەوامی ھەبووە و بەرێوەچووە.