Skip to the content

وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان لە میسڕ لەگەڵ سکرتێری کۆمەڵەی مەقدیس و ژمارەیەک لە کریستیانەکان كۆبووەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی چوارشەممە ٢٠٢١/٣/١٧ د.پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف وکاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە درێژەی سەردانەكەی بۆ وڵاتی میسڕ چاوی كەوت بە ئەنبا دانیال ئەسقەف، سکرتێری کۆمەڵەی مەقدیس و ژمارەیەک لە بەرپرسان و کریستیانەکانی قاهیرەی پایتەخت.

لەدیدارەکەدا کریستیانەکانی ئەو ووڵاتە ستایشی پێکەوەژیانی ئایینی و گیانی لێبووردەییان لە هەرێمی کوردستان كرد، بەتایبەت لە پێشوازی و لەخۆگرتنی بێوێنەی حکومەتی کوردستان بۆ ئاوارەکانی پێکھاتەکان و کریستیانەکان و ھەروەھا پێشوازی گەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی سەردانی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان بۆ هەرێمی کوردستان. هەر لە دیدارەكەدا كریستیانەكان ھیوایان خواست، کە سەرجەم لێقەوماوان و ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەرماڵ و جێگەی خۆیان كە لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، هەروەها ئومێد و پەرۆشی خۆیانیان دەربڕی بۆ کۆتاییهاتن بە جەنگ ونەھامەتیەکانی ناوچەکە.