Skip to the content

وەزیری ئەوقاف وکاروباری ئایینی هەرێمی كوردستان سەردانی بابەشێخی ئێزیدیان و میر حازم تەحسین بەگ دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشەممە ٢٠٢١/٣/٢٩ د.پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە یاوەری زەینەدین مەولود، بریکاری وەزیر و بەرپرسانی وەزارەت، سەردانی بابەشێخی ئێزیدیانی لە پارێزگای دھۆک کرد، لە دیدارەکەدا وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی پشتیوانی حکومەتی ھەرێم و وەزارەتی ئەوقافی بۆ بابەشێخی ئێزیدیان دووپاتکردەوە بۆ خزمەتکردنی لایەنی رۆحانی ئێزیدیان، ئەمە وێرای تاوتوێ کردنی چەند پێشنیارێک کە لەخزمەتی ئێزیدیانی ناوچەکەدا دەبێت. ھەر لە میانی سەردانەکەدا بۆ دەڤەرەکە وەزیری ئەوقاف سەردانی میر حازم تحەسین بەگ، میری ئێزیدیانی کرد، لە دیداری نێوانیاندا گفتوگۆ دەربارەی ئاوارە و لێقەوماوانی خوشک و برایانی ئێزیدی کرا، کە لە پارێزگای دھۆک و شوێنەکانی تر نیشتەجێ کراون، وێرای ھەوڵی بەردەوامی حکومەتی کوردستان بۆ خزمەتکردنیان و دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی رۆژانە، بە هەمان شێوە تاوتوێی دابینکردنی پێداویستییەکانی پەرستگای لالش لە ڕێگەی دەزگا پەیوەندیدارەکانەوە كرا. شیاوی باسە لە هەردوو دیدارەكەدا جەخت لەسەر برەودان و بایەخدانی زیاتری بەیەكەوەژیانی ئایینی و تەبایی لە هەرێمی كوردستان كرایەوە.