Skip to the content

سەرۆکی کڵێسای کلدانیی جیھان: هەرێمى کوردستان جوانترین نموونەی پێکەوەژیانە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ ٢٠⁄ ٥⁄ ٢٠٢١ى زایینى، د.پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی لە کاردیناڵ مار لویس ساکۆ، سەرۆکی کڵێسای کلدانی لە عێراق وجیھان كرد.
وەزیری ئەوقاف وکاروباری ئایینی بەخێرھاتنی سەرۆکی کڵێسای کلدانی لە عێراق وجیھان و شاندی یاوەری بۆ ھەرێمی کوردستان کرد، دواتر مار لویس ساکۆ سوپاسی پێشوازی گەرمی کرد و خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە بینینی وەزیری ئەوقاف وکاروباری ئایینی و نوێنەری سەرجەم ئایین و پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان و رایگەیاند "ئێوە جوانترین نموونەی پێکەوەژیانن، کەلتووری ھەرێمی کوردستان بۆ ھەمووانی سەلماندووە کە خەڵکی کوردستان ئارەزووی تەبایی، ئاشتی و خۆشەویستی نێوانیان دەکەن، کە ئەمەش جێگەی شانازییە".
شاندی میوان ڕۆڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیان بەرز نرخاند بەتایبەتی لە پاراستن و بەرگریکردن لە لێشاوی ئاوارەکان و بەتایبەتی ئاوارە کریستیانەکان، هه‌روه‌ها ستایشی یاساكانی هه‌رێمی حكوومه‌تی كوردستانیان کرد له‌ پاراستن و ده‌سته‌به‌ركردنی مافی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان به‌بێ جیاوازی.